زێدپرێس
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گواستنەوەی سێ لیوای دیکەی سەر بە یەکەی ٧٠ بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم ١٠ی ئابی ٢٠٢٣، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی دا، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی یاسای چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێ لیوا لە فەرماندەیی یەکەی ٧٠ بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە گواسترانەوە، کە لیواکانی ٢٦، ٢٨ و ٣٠ دەگرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەم سێ لیوایە خراونەتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ڕۆژی دەرچوونی فەرمانی گواسنتەوەیان، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
زیاتر دەڵێ “پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەردەوام لەلایەن سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەسەر دەکرێتەوە”.

