زێدپرێس
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری پێنجوێن و بەهۆیەوە سووتانی ١٥ هەزار دۆنم لە پاوان و دارستانی سروشتی و ڕەز و باخی هاووڵاتیان ڕادەگەیەنێت.
ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٣ و بەهۆکارێکی نادیار ڕوویدا، وەک ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ کردووە.
سەرەتا ئاگرەکە لە سنوری گوندی ئەحمەد کلوان کەوتووەتەوە و بەهۆی ڕەشەبای بەهێزەوە لە ماوەیەکی کورتدا بۆ سنوری گوندەکانی (هەرزەلە، دارەبەن، عارەبە، سەرکان، گەڵۆز و دەرەمیانە) لە سنوری ناحیەی ناڵپارێز پەڕیوەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی دارستان، مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی پێنجوێن و بنکەی ناڵپارێز گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی ملەکەوە و دانیشتوانی ناوچەکە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان داوە، بەڵام وەک دەڵێ “بەداخەوە، بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی زۆر و ڕەشەبای بەهێز نەتوانرا لەسەرەتادا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و ڕۆژی دواتر ١٣ی ئاب، جارێکی تر مەفرەزەکانمان بە هاوکاری گوندنشینان و ڕێکخراوی ملەکەوە لە سنوری گوندی دەرەمیانە تا کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارە بێوچان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان دا و توانرا ڕووبەرێکی فراوان لە ئاگرەکە بکوژێنرێتەوە و بەشێکی بە تەکنیکی ئاگربڕ کۆنتڕۆڵ بکرێت”.
لە میانەی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا، کارمەندێکی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز بووە و بەهۆی ئاگرەکەشەوە نزیکەی ١٥ هەزار دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی و ڕەز و باخی هاووڵاتیان سووتان.