Site icon Zed Press

وەزیری بەرگری: بەخێرایی كار لەسەر لیوای ٢٠ی هاوبەش دەکەین

زێدپرێس

ئەمڕۆ دووشەم ١٤ی ئابی ٢٠٢٣، سابت محەمەد سەعید وەزیری بەرگریی عێراق سەردانی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و بەڵێنی دا بەپەلە کار لەسەر کێشەی لیوای ٢٠ی هاوبەش بکات.

مەریوان قەرەنی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای گەیاند، لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین سەردانی وەزیری بەرگری عێراق بۆ ئەمریكا و كارەكانی وەزارەتەكەیان كرد.

لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی لیوای ٢٠ی هاوبەش كراوە و وەک قەرەنی دەڵێ “داوامان كرد بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراق هەیە، بە شێوەیەكی خێراتر كار لەسەر دروستكردنی ئەو لیوایانە بكرێت”.

بەگوتەی ئەندامەکەی لێژنەی ئاسایش و بەرگری، هەر لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری بەرگریی عێراق بەڵێنی ئەوەی دا، كە بە زووترین كات كار لەسەر دروستكردنی ئەو لیوایانە بكرێت، تەنانەت ڕای گەیاند كە ئەمڕۆ دووشەم ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی لەبارەی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق بە دەست وەزارەتەكەیان گەیشتووە و بەڵێنی دا دەستبەجێ كار لەسەر دروستكردنی ئەو لیوایانە بكرێت.

نزیکەی دوو ساڵ، بەسەر پێکهێنانی لیوای ٢٠ و دەرکردنی فەرمانی گواستنەوەی لیوایەکە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا، ئەندامانی لیوایەکە، تەنانەت مووچەی یەک مانگیشیان وەرنەگرتووە.

لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بە فەرمانی دیوانی ژمارە ٨٩، بڕیاری لەسەر گواستنەوەی لیوایەکە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەرکرد و هاوکات وەزارەتی بەرگری و دارایی ڕاسپارد بە دیاریکردنی پلەی ئەندامانی لیوایەکە و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان، پلە و ناونیشانی سەربازانی لیوایەکە بەسترا، بەڵام مووچەکانیان پێنەدرا.

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی بەرگری عێراق، بە ژمارە ٥١٥٠٠ کە لە ڕێککەوتی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە ئیمزای جومعە عناد وەزیری بەرگری دەرکراوە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، ئاماژە بە مووچەی ئەندامانی لیوای ٢٠ کراوە و تیایدا هاتووە، بڕی پێنج ملیار و ٩٤٧ ملیۆن و ٤٠٦ هەزار و ٦٥٠ دینار بۆ مووچەی هەر مانگێکی سەربازانی لیوایەکە پێویستە و لەو ڕوانگەیەوە داوای دابینکردنی شایستە داراییەکانی لیوایەکە دەکات.

لێژنەیەک بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراق، لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢، بۆ چارەسەرکردنی بابەتی لیوای ٢٠ی پێشمەرگە پێکهاتووە، لیژنەکە چەند ڕاسپاردەیەکی دەرکردووە، لەناویاندا داواکردن لە وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی مووچەکانی ئەندامانی لیوای ٢٠ و هەروەها داواکردن لە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە لە وەزارەتی بەرگری عێراق.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق، کە ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ دەگرێتەوە، لیوای ٢٠ی هاوبەش بە سێ هەزار و ٧٧٧ ئەندام جێگیر کراوە و بڕی ٦٥ ملیار و ٨٤٥ ملیۆن دیناریش وەک شایستەی دارایی لیوایەکە تەرخانکراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

Exit mobile version