زێدپرێس
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ، داوا لە دەسەڵاتی دادوەری و دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دەکەن، دادگا بە چاوی دادگەری و ویژدانی مرۆییانەوە، پێداچوونەوە بە دۆسیەی (شێروان شێروانی)دا بکات و بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات.
ئەمڕۆ چوارشەم ١٦ی ئابی ٢٠٢٣، فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ، کە لە ژمارەیەک نووسەر و ڕۆژنامەوانی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، بەیاننامەیەکی لەمەڕ دۆسیەی دادگاییکردنی شێروان شێروانی بڵاو کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا، کە ئاڕاستەی دەسەڵاتی دادوەری، دادگای پێداچوونەوە، کونسڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و ڕای گشتی کراوە، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئەو تۆمەتەی لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە بەسەر شێروان شێروانی سەپێنراوە، بنەمایەکی ڕاستی نییە و لەو ڕوانگەیەشەوە داوا دەکەن، دادگا بە چاوی دادگەری و ویژدانی مرۆییانەوە، پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا بکات و بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات.
ئەو داواکارییە لەکاتێکدا دێت، کە چاوەڕوان دەکرێت، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا، دادگای پێداچوونەوە بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکەی شێروانی بدات، کە لەلایەن دادگای کەتنی هەولێرەوە، بە چوار ساڵی دیکە زیندانی سزا دراوە.
دەقی بەیاننامەکە:
بەیاننامە و داواکاری
بۆ/
دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان
دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان
کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان
یۆنامی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
ڕایگشتی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان
دوای چوار ساڵ زیندانیکردن، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، دادگای هەولێر جارێکی دی سزای چوار ساڵی دیکە زیندانی بە تۆمەتێک، کە تەواوی بەڵگەکان و شاهیدحاڵەکان دەیسەلمێنن هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدا نییە و ئەنجام نەدراوە، بەسەر ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا سەپاند.
بڕیار وایە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر وەک پلەی کۆتایی حوکمەکە، چاو بە دۆسیەکەدا بخشێنێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە وەربگرێت. بەر لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بە پێویستمانزانی وەک (فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ)، ئەم بەیاننامە و داواکارییە بخەینە بەرچاوی ئەو دەسەڵات و ناوەندانەی لەسەرەوە ناویان هێنراوە، بە ئامانجی ئەوەی لە ڕێی هەوڵدانی بەیەکەوەیی و دروستکردنی فشاری دەستەجەمعی، بتوانین کارێک بکەین، دادگا بە چاوی دادگەری و ویژدانی مرۆییانەوە، پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات و بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات.
دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، هیوادارین لە یەکلاکردنەوەی کەیسی (شێروان شێروانی) لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییەدابن، کە بەشی هەرە گەورەی هاوڵاتیانی هەرێم، ئازادیخوازان، سەروەربوونی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پێش هەموو کەسێک لە ئێوەی دادوەران و دادگاکانی هەرێمی کوردستانی دەخوازێت، هەوڵبدەن دوور لە کاریگەری شەخسی، سیاسی و حیزبی، بە چاوی دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادی ئینسان، بەر لە (شێروان شێروانی)، لە بەرژەوەندی ناوی پیرۆز و گەورەی قانون و پیشەی دادوەری، بە دۆسیەکەدا بچنەوە و مرۆڤبوون و سەروەری یاسا بکەنە تاکە پێوەری بڕیارەکانتان.
ئەم دۆسیەیە، کە چاوی دونیا و ناوخۆی لەسەرە، دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی دیکە لەبەردەم ویژدان و ئەو سوێندەی کە خواردووتانە بۆ پاراستنی دادپەروەری، ڕێزگرتن و داکۆکی لە ماف و ئازادی هاوڵاتیان. هیوادەخوازین بە بڕیارێکی ئەرێنی و مرۆڤدۆستانە سەرەتایەک بۆ کۆتاییهێنان بەو بێ متمانەیی و نائومێدییەی هاوڵاتیان دەستپێبکەن، کە لە بەرامبەر ئەو دامەزراوە قانونییە گرنگەدا بۆیان دروستبووە و، سەرەتایەکی تازەش بێت بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم.
کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان، یۆنامی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بەشێوازی جیاواز و کاریگەرتر، چالاکی و فشارەکانتان بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاربەدەستانی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری چڕتر بکەنەوە، هەم گفتوگۆ، هەم فشاری جددی لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمدا دروستبکەن، تا چیتر ئازادی ڕادەربڕین وەک تابوویەک تەماشا نەکرێت و ئەو پەراوێزەش لە بوونی ئازادی، کە هەیە، بچووکتر و بەرتەسکتر نەکرێتەوە.
لێرەوە داواتان لێدەکەین لە ئاستی باڵادا ئامادەی بە دواداچوون، دانیشتن و گفتوگۆکانی بڕیاری کۆتایی پرۆسەی دادگایی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) بن و بە وردی چاودێری پرۆسەی جێبەجێکردنی دادپەروەری لە کەیسەکەدا بکەن. چاودێری و فشاری ئێوە بۆ ئێستا و داهاتووی ئازادی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان گرنگ و پڕ بایەخ دەبێت. چاوەڕوانی ئەوەمان لە ئێوە هەیە، کاری جددی بکەن بۆ ڕێگری لە بڕیاری دووبارە سزادانەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە.
ڕایگشتی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان
ئێستا و لەسەروبەندی پێداچوونەوە بە حوکمی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا، کاتی ئەوەیە جارێکی دیکە چالاکی بەرفراوان و کاریگەر دەستپێبکەن. داوا دەکەین، بە ڕێگە و شێوەی جیاواز، ڕووبەری ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان گەورەتر بکەن بۆ داکۆکی لە ئازادی ڕدەربڕین و ئازادییە گشتییەکان. دڵنیابن هەر وشەیەک، هەنگاوێک و ناڕەزایەتییەکی مەدەنییانەی ئێوە، دەبێتە هۆکاری نە تەنیا پاراستنی ئەو پەراوێزە لە ئازادی کە هەیە، بەڵکو ئەو ڕووبەری ئازادییە فراوانتریش دەکات.
بە هەماهەنگی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، دەتوانین بە کاری هاوبەش و بەیەکەوەیی، ببینە کارتێکی گرنگی فشار لە قازانجی دۆسیەکەی (شێروان شێروانی)، کە هەمانکات دۆسیەی هەموو دەنگ و ڕەنگێکی ئازاد و خاوەن ویژدانە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، هەروەها بۆ ڕاگرتنی هەر ستەم و دەستدرێژییەک، کە ڕەنگە لە داهاتوودا بکرێتە سەر ئازادی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، لەوەش خراپتر بە هۆی ئازادی دەربڕینەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی سیاسییانە ببینەوە.
لە ئێستادا دۆسیەی (شێروان شێروانی)، دۆسیەی ئازادییە، دۆسیەی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕینە، بۆیە هەر قسە و هەڵوێستێک لەبارەی ئازادی ئەو ڕۆژنامەنووسە، هاوکات هەوڵدانە بۆ داکۆکی لە ئازادی بە مانا فراوان و گشتییەکەی.
ئازادی بۆ دەنگە ئازا و ئازادەکان
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ
١٦/٨/٢٠٢٣