زێدپرێس
موقەدەم بارزان عوسمان محەمەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەم ١٧ی ئابی ٢٠٢٣، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و لە چوارچێوەی پڕۆسەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەتدا، ٣١ کڵاشینکۆف، نۆ دەمانچە، یەک بڕنەو، هەشت تاپڕ و یەک چەکی ئێم فۆڕ تۆمار کراوە و بەکۆی گشتی دەکاتە ٥٠ چەکی ئاگرینی تۆمارکراو.
کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ڕاگەیاندنی ناوەڕۆکی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێم بوو، پێوەست بە هەڵمەتی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت و دەستکردن بە پیادەکردنی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستاندا.
موقەدەم بارزان عوسمان لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، ڕوونی کردەوە، وەزارەتی ناوخۆ، نووسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی پارێزگاکان کردووە و وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجەیش مەبەستیانە ناوەڕۆکەکەی بە ڕای گشتی بگەیەنن، کە پێوەستە بە یاسای چەکەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢، یاسای چەکی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و ماوەی یەک ساڵی بە هاووڵاتیان دا، بۆ ئەوەی چەکەکانیان تۆمار بکەن و لەو چوارچێوەیەشدا ١٧ هەزار چەک لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا. پاش تەواوبوونی وادەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت لە هەرێمی کوردستاندا، کە ساڵێک درێژەی کێشا، وەزارەتی ناوخۆ دەرفەتی دوو مانگی دیکەی بە هاووڵاتیان دا، کە بۆ ئەو چەکانەی هەیانە، داوای مۆڵەت بکەن.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ڕوونی کردەوە، بەپێی ناوەڕۆکی یاسای چەک، دوو جۆر مۆڵەتی چەک هەیە، یەکەمیان مۆڵەتی دەستداری، کە بۆ ماوەی دوو ساڵە، ئەو چەکەی تۆمار دەکرێت، لە ماڵەوە دەمێنێتەوە و کەسەکە بۆی نییە لە دەرەوە بەکاری بێنێت؛ دووەمیان مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکە، خاوەن مۆڵەتەکە دەتوانێت بۆ ماوەی یەک ساڵ چەکەکە لەگەڵ خۆی هەڵبگرێت و لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دی بیگوازێتەوە.
ئێستا کە یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان بەرکارکراوە، چەکی بێمۆڵەت بە هەر کەسێکەوە بگیرێت، بەپێی ناوەڕۆکی یاسای چەک سزا دەدرێت، بەنموونە بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای چەک، سزاکە لە ساڵێک زیندانیکردنەوە بۆ سێ ساڵ زیندانیکردن درێژ دەبێتەوە، جگە لە پێبژاردنی دارایی.