زێدپرێس
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، “هەموومان لە هەرێم یەك چارەنووسی هاوبەشمان هەیە، بۆیە پێویستە هەمووان مامەڵەیەكی دروست و بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و داهاتووی هەرێم و ژیانی خەڵكەكەی نەكرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە تایبەتەكان”.
ئەو گوتانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕۆزی کەیڤ کونسڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان هات، کە ئەمڕۆ پێنجشەم ١٧ی ئابی ٢٠٢٣ لە دەباشان پێشوازی لێکرد.
لە دیدارەکەدا، دۆخی سیاسیی هەرێم و فرەوانكردنی هەماهەنگییەكان لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، کە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵە نیشتمانییەكان كردووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، باشتركردنی ژیانی هاوڵاتییان و ڕایگەیاند، “هەموومان لە هەرێم یەك چارەنووسی هاوبەشمان هەیە، بۆیە پێویستە هەمووان مامەڵەیەكی دروست و بەرپرسیارانە لەگەڵ دۆخەكە بكەن و داهاتووی هەرێم و ژیانی خەڵكەكەی نەكرێتە قوربانیی بەرژەوەندییە تایبەتەكان”.
لەبارەی ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە و هەوڵەكان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسە نیشتمانییە، بافڵ تاڵەبانی گوتی، “یەكێتی بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكات و دەیەوێت بەزووترین كات هەموو هێزەكان لەچوارچێوەی پڕۆژەیەكی نیشتمانیی دادپەروەرانەدا ڕێكبخرێنەوە و پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاكان بێت”.
كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و شایستە داراییەكانی هەرێم تەوەرێكی دیکەی گفتوگۆكان بووە و لەوبارەیەوە سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانی دەڵێ “بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێم و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە بۆ خەڵكەكەمان كاری لەپێشینەمانە، هەوڵەكانیشمان لەو پێناوەدا بەردەوام دەبێت”.
لە ڕاگەیەنراوەکدا، ئاماژە بە هیچ قسەیەکی ڕۆزی کەیڤ کونسڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا نەکراوە.