زێدپرێس
گوتەبێژی حکوومەت ڕایدەگەیەنێت، لەبارەی دانەوەی قەرزی هاوسەرگیری و خانووبەرە، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک ڕەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بکرێت.
پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەم ٢١ی ئابی ٢٠٢٣، بڕیاری حکوومەتی هەرێمی لەبارەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرە ڕاگەیاند.
هەورامانی، ئاماژەی دا، لەبارەی دانەوەی قەرزی هاوسەرگیری و خانووبەرە، گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک ڕەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بکرێت.
زیاتر دەڵێ “حکوومەتی هەرێم مەبەستییەتی کە فشار و بارگرانی لەسەر هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دروستنەبێت و میکانیزمی پێشوو لەبەرژەوەندی هاووڵاتیاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت”.
ئەو ڕاگەیەنراوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، کە لەماوەی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، بڕیارێکی دەرکرد بە بڕینی ڕێژەیەک لە مووچەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی بوونەتە کەفیلی ئەو کەسانەی قەرزەکانی پێشینەی هاوسەرگیری و خانووبەرەیان لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.