Site icon Zed Press

مەسعوود بارزانی: حکوومەت کاری باشی کردووە

زێدپرێس

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكوومەت كار و بەرنامەی بنەڕەتیی باشی ئەنجام داوە بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی كۆچ و بێكاری و پەیداکردنی سەرچاوەی دیکەی داهات.

گوتانەکانی مەسعوود بارزانی، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی قەزای سیمێل هات، کە ئەمڕۆ دووشەم ٢١ی ئابی ٢٠٢٣، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، گوتارێکی پێشکەش کردن.

بارزانی، ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و بابەتی هەڵبژاردن و ئەوەی دووپاتكردەوە كە “هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی گرفتە سیاسییەكان چارەسەر ببن” و بە پێویستیشی زانی كە “بۆ ئەوەی یەكبوون و یەكڕیزی بێتە ئاراوە، لایەنە سیاسییەكان كۆسپ بۆ ئامانجە ستراتیژییەكان و دۆزی ڕەوای میللەتەكەمان دروست نەكەن”.

وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن، متمانە و دەنگی گەلی بە پێوەری سەرەكی بۆ حوكمداری لەقەڵەم دا.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا، بارزانی كورتەیەكی مێژوویی لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لە بیست ساڵی ڕابردوو باس كرد. هەروەها هێمای بە پابەندنەبوون بە دەستوور و ڕێزنەگرتن لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵەكان بۆ دروستكردنی كۆسپ بۆ هەرێمی كوردستان دا و ئەوەشی خستەڕوو كە “ئەو هەوڵانە دەبنە مایەی قووڵتربوونی كێشەكان و هیچ ئەنجامێكیشی نابێت”. هەر پەیوەست بەم تەوەرەوە، جەختی لەوە كردەوە كە “ئەو ڕۆژە نەما كە كەسێك یان لایەنێك بیر لەوە بكاتەوە كیانی هەرێمی كوردستان نەهێڵێت كە بە خوێن و فرمێسكی میللەتەكەمان دامەزراوە”.

بارزانی باسی لە هەوڵ و پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێم كرد و ڕایگەیاند كە “حكوومەت كار و بەرنامەی بنەڕەتیی باشی ئەنجام داوە بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی كۆچ و بێكاری و هەروەها دۆزینەوەی سەرچاوەی تری داهات و ژیان  بۆ هاووڵاتیان و بایەخێكی زۆری بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوەی ئەو شوێنانەی داوە كە بە هۆكاری ئەمنی دەستی ئاوەدانكردنەوەی پێ نەگەیشتووە”. داواشی كرد هەموو لایەك هاوكاری حكوومەت و پاڵپشتی بن چونكە “حكوومەت هی خۆتانە و موڵكی گەلە”.

Exit mobile version