زێدپرێس
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان-لقی سلێمانی، دابینکردنی ١٠ کورسی خوێندنی باڵا لە ئێران بۆ ئەندامەکانی ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ دووشەم ٢١ی ئابی ٢٠٢٣، كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ جاری دووەم و هەروەك ساڵانی پێشوو ئەمساڵیش ١٠ کورسی خوێندنی ماستەر و دکتۆرایان بۆ ئەندامانی لقەکەیان لە زانکۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دابین کردووە.
کاروان ئەنوەر، باسی لەوەش کردووە، کە دابینکردنی ئەو کورسییانەی خوێندنی باڵا “بە هەوڵ و ماندووبوونی دەزگای میدیایی (جام كورد)” بووە.
بەگوێرەی گوتەکانی سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، خوێندن لەم ئۆفەرەدا بە خۆڕاییە و داواشی کرد، “خوازیارانی خوێندن سەردانی بارەگای لقی سلێمانی بكەن بۆ زانینی مەرج و پێداویستییەكان”.