زێدپرێس
دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی دەستگیرکردنی ٢٠ بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنێت.
ئەمڕۆ سێشەم ٢٢ی ئابی ٢٠٢٣، دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش، ٢٠ تۆمەتباری بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لەناو شاری سلێمانی دەستگیرکراون.
دەزگای ئاسایش لە ڕاگەیەنراوێکدا، ڕوونی کردووەتەوە، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ دەستگیرکرنی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ئەو ماددانە، کە کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە چەند هەڵمەتێکی جیادا ئەو بازرگان و بەکارهێنەرانەی ماددە هۆشبەرەکانیان دەستگیرکردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانیشدا، دەست بەسەر ئەو ماددە هۆشبەرانەدا گیراوە، کە تۆمەتباران مامەڵەیان پێوە کردووە یان بەکاریان هێناوە و ماددەکانیش لە جۆری (تلیاک، حەشیش، ئەفیون، کریستاڵ و مەریوانە) بوون.
دەزگای ئاسایش، ئاشکرای کردووە، تۆمەتباران خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمن، تەمەنیان لە نێوان ٢٣-٥٠ ساڵدایە و (سێ) لە تۆمەتباران لە ڕەگەزی مێینەن. لەکاتی دەستگیرکردنیان، دەستیش بەسەر ٣ دەمانچە و بڕی ٧٠ ملیۆن دیناری عێراقیدا گیراوە.
وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تۆمەتباران بەپێی ماددەکانی (٢٥، ٢٦ و ٣٠) ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.