زێدپرێس
دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی، دەستگیرکردنی چوار تۆمەتبار ڕادەگەیەنێت، کە مامەڵەیان بە پارچە شوێنەوارییەکانەوە کردووە.
ئەمڕۆ سێشەم ٢٢ی ئابی ٢٠٢٣، دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی، ئاشکرای کرد، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین، لە ماڵێکدا دەستیانگرت بەسەر چەندین سکە و پارچەی مێژوویی و شوێنەواری، چوار تۆمەتباریشیان دەستگیرکرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێزەکانی ئاسایش بە پشتبەستن بە بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچوون، بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە ڕۆژی ١٧ی ئابی ٢٠٢٣، توانیان چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە مامەڵەیان بە چەندین (سکە)ی قەبارە جیاواز و دوو (پەیکەر)ی هونەری مێژووییەوە کردووە و سەرجەم ئەو پارچە مێژووی و شوێنەوارییانە دەستیان بەسەرداگیرا.
بەپێی دەزگای ئاسایشی هەرێم، تۆمەتباران لە ڕەگەزی نێرینە و دانیشتووی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕینن، ئێستا بە ماددەی ٢٤ لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٢١ی شوێنەوار ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.