زێدپرێس
ئەو گوتانەی مەسعوود بارزانی، لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ چین و توێژەکانی قەزای بەردەڕەش هات، کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، لەگەڵیان کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی “بارەگای بارزانی” لە کۆبوونەوەکەدا، بارزانی گوتارێکی پێشکەشکرد و هەڵوەستەی لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد، “جەختی لەوە كردەوە كە سەركەوتن لە یەكبووندایە و لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی یەكڕیزی لەسەر بابەتە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بەردەوام دەبێت”.
هەر پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێم، ڕایگەیاند “نابێ لایەنەكان بكەونە سەر ڕێگەیەك كە بۆ دروستكردنی كێشە بۆ پارتی، یاری بە بابەتە نەتەوەییەكان و كار بۆ لاوازكردنی هەرێم بكەن. چونكە كوردستان لەسەرووی پارتی و لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە”.
هەروەها ئەوەشی بۆ ئامادەبوان شی كردەوە كە “هەڵبژاردن سەنگی مەحەكە بۆ حوكمڕانی و پێگەی لایەنەكان و دەبێ لەو ڕێگەیەوە لایەنەكان متمانەی گەل وەربگرن”.
بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ دا و ئەوەی خستەڕوو، كە حكوومەتی تازەی عێراق لەسەر بنەمای كۆمەڵێك ڕێككەوتن و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق دامەزراوە، “بەڵام بەداخەوە هێشتا نیەتی خراپی پشتگوێخستنی ڕێككەوتنەكان هەر ماوە”.
بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە، پشتگیریی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ محەمەد شیاع سوودانی دەكەن “بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ڕێككەوتنانە جێبەجێ بكات و ڕێگریی لێ نەكرێت”.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارزانی هەڵسەنگاندنی ئەرێنی بۆ کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کرد، بەوەی “سەرباری بوونی کۆمەڵێک گرفت و قەیران، ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ خزمەتكردنی خەڵك كردوویەتی و لە هەوڵی ئەوە دابووە سەرچاوەكانی تری داهات بە تایبەتی لە بواری كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات”.