زێدپرێس
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە ٣٥مین ساڵیادی ئەنفالی بادینان بڵاوکردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
لە (٣٥)مین ساڵڤەگەڕی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال لە دەڤەری بادینان، بەڕێز و شکۆوە یادی قوربانيانی ئەو تاوانە گەورە و هۆڤانەیەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە ئامانجی قڕکردن و جێنۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو بە گشت پێکهاتەکانییەوە.
لەم هێرش و پەلامارانەدا، کە دوا قۆناخی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، هەزاران خەڵکی بێتاوانی بادینان ئەنفالکران و بە دەیان هەزاریش ئاوارە و دەربەدەر بوون و سەدان گوندیش تێکدران و لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراودا، زیانێکی زۆر گەورە بە ناوچەکە گەیشت.
جێگەی داخ و نیگەرانییە، تا ئێستا ماددەی 132ی دەستوور جێبەجێ نەکراوە، کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی ڕژێمی بەعسی عێراق.
لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە، کە مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی کەسوکار و زیانلێکەوتووانی سەرەکی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراقە، کە بە شێوەیەکی شایستە قەرەبوو بکرێنەوە و دڵنیا بکرێنەوە کە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی جێنۆسایدکردن نابنەوە.
لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا، سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
٢٥ی ئابی ٢٠٢٣