Site icon Zed Press

نێچیرڤان بارزانی: ناڵێین دەسەڵاتی دادوەری لەژێر کاریگەری هیچ گوشارێکی سیاسیدا نییە

زێدپرێس

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نه‌مانگوتووه‌ و ناڵێين هه‌موو شتێكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى دروسته‌ و له‌ژێر هيچ گوشارێكى سياسيدا نييه‌. كێشه‌ و ته‌حه‌ديى جددى له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری هه‌يه‌ كه‌ پێويستى به‌ چاككردنەوە و چاكسازييه‌.

ئەو گوتانەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی وتارێکیدا هات، کە لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە ٦٠ دەرچووی پەیمانگەی دادوەران، پێشکەشی کرد.

ڕێوڕەسمەکە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ يه‌كشه‌م ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣،‌ بەڕێوەچوو. دوابەدوای سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی ٦٠ دەرچووی پەیمانگەی دادوەران، کە ٤٥ دادوەر و ١٥یان جێگری داواکاری گشتیین.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى، ئه‌ندامانى ‏داواكارى گشتى، وه‌زيرى داد و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى ‏كوردستان ئاماده‌ى بوون، نێچيرڤان بارزانى وته‌يه‌كى پێشكه‌ش كرد. ئه‌مه‌ ‏ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

 

به‌ڕێزان سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى،

دادوه‌ران،

ئه‌ندامانى داواكارى گشتى،

جەنابی وەزیر،

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،

ڕۆژتان باش..

 

هەموولایەكتان بە خێر بێن..

زۆر خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ پێكه‌وه‌ به‌شدارى له‌ ڕێوڕه‌سمى ده‌ستبه‌كاربوونى (٦٠) ده‌رچووى به‌ڕێزى خولى چواره‌مى په‌يمانگه‌ى دادوه‌ران ده‌كه‌ين كه‌ (٤٥) دادوه‌ر و (١٥) جێگرى داواكارى گشتين. جێى خۆشحاڵييه‌كى زۆره‌ كه‌ لەنا‌و ئەو ژماره‌يه،‌ بيست و چوار خانمى به‌ڕێزن و به‌سه‌ر ناوچه‌كانى هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك و گه‌رمياندا دابه‌ش بوون. به‌ گه‌رمى ده‌ستخۆشى و پيرۆزباييتان لێ ده‌كه‌م.

 

بوون به‌ دادوه‌ر، ئه‌ركێكى سه‌خته‌ و به‌رپرسياريه‌تييه‌كى گه‌وره‌يه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خوا و بەرامبەر بە ويژدان و بەرامبەر بە كۆمه‌ڵگه‌ و بەرامبەر بە مرۆڤايه‌تى. به‌ ڕاستى ئێوه‌ پيشه‌يه‌كى قورستان هه‌ڵبژاردووه‌، هيواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم لەم ڕێگە سەختەی كە هەڵتانبژاردووە و خوای گەورە سه‌رفرازتان بكات و سەركەوتوو بن.

 

پاش ئه‌وه‌ى په‌يمانگاى دادوه‌ريتان سه‌ركه‌وتووانه‌ ته‌واو كرد، ئێوه‌ى به‌ڕێز چ وه‌ك دادوه‌ر، چ وه‌ك جێگرانی داواكارى گشتى، كه‌ سوێندى ياساييتان خوارد و ده‌ستبه‌كار ده‌بن، ئه‌مه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕووداوێكى گرنگ و جێى بايه‌خێكى به‌رچاوه‌. ئێوه‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌روكارتان له‌گه‌ڵ هاووڵاتييان و داوا و مافه‌كانيانه. ئێوه‌ پارێزه‌رى مافه‌كانى هه‌موو چين و توێژه‌كانى كۆمه‌ڵگا و ماف و موڵك و به‌رژه‌وه‌نديى گشتين‌.

 

به‌ڕێزان..

دادوه‌رى، بنه‌ماى حوكمڕانييه لە هەر وڵاتێك‌. پارێزه‌رى كۆمه‌ڵگه‌ و پارێزەری سيستمى سياسييه لە هەر وڵاتێك‌. بۆ كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌‌كانى دنيا، سه‌ربه‌خۆييى دادوه‌رى، سه‌روه‌ريى ياسا، هه‌بوونى متمانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، پێويستييه‌كى له‌پێشينه‌ و ژیرانەیە. بنه‌ماى پێشكه‌وتنى سياسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵاتييه‌.

 

ئه‌ى ده‌بێ بۆ كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى وه‌ك كوردستان چه‌نده‌ له‌پێش و گرنگ و پێويست بێت كه‌ له‌ قۆناغى ڕاگوزه‌ردايه‌ و كوردستان ده‌يه‌وێ ئه‌و سيستمه‌ ديموكراسييه‌ به‌هێزتر بكات كه‌ دايمه‌زراندووه‌‌؟

 

دڵنيام هه‌مووتان وته‌ و ڕوانينى وينستۆن چه‌رچل سه‌رۆك وه‌زيرانى به‌ريتانيا و شارل دوگۆل سه‌رۆكى فه‌رنسا له‌ سه‌رده‌مى شه‌ڕى دووه‌مى جيهانيدا ده‌زانن. كاتێك له‌ گه‌رمه‌ى شه‌ڕدا خه‌ريكبوو له‌نده‌ن له‌ژێر ئاگرى بۆمببارانى نازييه‌كاندا وێران ده‌بوو، چه‌رچل له‌ وه‌زيرى داد ده‌پرسێت: دۆخى دادوه‌رى چۆنه‌؟ كه‌ وه‌زير له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: باشه‌!

چه‌رچل وته‌ ناوداره‌كه‌ى خۆی دەڵێت كە ئەویش: كه‌واته‌ مه‌ترسن، به‌ريتانيا سه‌لامه‌ته‌.

 

هه‌روه‌ها دواى ڕزگاركردنى فه‌ره‌نسا له‌ داگيركاريى نازييه‌كان، كه‌ سه‌رۆك دوگۆل گه‌ڕايه‌وه پاريس، پرسيار له‌ هاوڕێيه‌كى ده‌كات: دۆخى دادوه‌رى و داگاكان له‌ وڵات چۆنه‌؟ وه‌ڵامى ده‌داته‌وه‌: هێشتا باشه‌.

ئينجا دوگول ده‌ڵێ: كه‌واته‌ ده‌توانين سه‌رله‌نوێ فه‌ره‌نسا بنيات بنێينه‌وه‌!‌

 

له‌ كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كاندا، ئاوا له‌ دادوه‌رى ده‌ڕوانن، بۆيه‌ بێگومان بۆ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، سه‌ربه‌خۆييى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و سه‌روه‌ريى ياسا، كۆڵه‌گه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى حوكمڕانييه‌كى دروست و سه‌ركه‌وتووه لە وڵاتدا‌. بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتى بڕوا و متمانه‌ى به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، به‌ ياسا و دادگا هه‌بێت، ده‌بێ دڵنيا بێت له‌وه‌ى مافه‌كانى ده‌پارێزرێن.

 

بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، ياسا و دادپه‌روه‌رى جێبه‌جێ بكات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ڕاستى جێى متمانه‌ و پارێزه‌رى مافى هه‌مووان بێت، ڕۆڵى دروستى خۆى له‌ بنياتنانى كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئاسووده‌ى مه‌ده‌نى و به‌دامه‌زراوه‌ييكردنى حوكمڕانيدا بگێڕێت، له‌ كاتى لێكۆڵينه‌وه‌ و بڕيارداندا، ده‌بێ به‌ ته‌واوەتى بێلايه‌ن و دادپه‌روه‌رانه‌، ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بن.

 

ئه‌وه‌ ئه‌رك و به‌رپرسيارييه‌كى مه‌زنه‌، له‌ ئه‌ستۆى دادوه‌ران، له‌ ئه‌ستۆى ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا‌. ئێوه‌ له‌به‌رده‌م خودا و ويژدان و مرۆڤايه‌تيدا ئه‌و به‌رپرسياريه‌تييه‌ هه‌ڵده‌گرن. ئێوه‌ ده‌بێ له‌ ئاستى ئه‌و ئه‌رك و په‌رپرسياريه‌تييه‌دا بن.

 

به‌ڕێزان..

ياسا ده‌سه‌ڵاتى به‌ دادوه‌ر داوه‌ كه‌ ئازاد بێت. ئه‌وه‌ ئه‌ركى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و دادوه‌رانه‌ سه‌ربه‌خۆييى‌ خۆيان بپارێزن. ئه‌ركى دادوه‌ره‌ ده‌بێ خۆى قبووڵى نه‌كات و ڕازى نه‌بێت هيچ كه‌س و لايه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێك، هيچ شتێك به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنن.

 

هاووڵاتى كاتێك شه‌و به‌ ئاسووده‌يى سه‌ر ده‌نێته‌وه‌، كاتێك متمانه‌ى به‌ ياسا و وابه‌سته‌يى به‌ وڵات و نيشتمانه‌وه‌ هه‌يه‌ كه دڵنيا بێت له‌وه‌ى دادوه‌رى، دادگا و دادوه‌ران سه‌ربه‌خۆن. دڵنيا بێت له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر ڕۆژێك مافى پێشێل كرا، ياسايه‌كى سه‌روه‌رە له‌ سه‌رووى هه‌مووانه‌وه‌يه‌، به‌رگرى و پارێزگارى لێ ده‌كات. ماف و شكۆى بۆ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر هاووڵاتى ئه‌و بڕوا و متمانه‌يه‌ى نه‌بوو، دڵنيا بن، هيچ شتێكى ديكه‌ ڕاسته‌ڕێ نابێت.

بۆيه‌ به‌ڕێزان، هه‌موو پشتگيرييه‌كتان لە سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى وڵات و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان هه‌يه‌.

 

بێگومان، نه‌مانگوتووه‌ و ناڵێين له‌ هه‌رێمى كوردستان هيچ كێشه‌يه‌ك له‌به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆييى دادوه‌رى و سه‌روه‌ريى ياسادا نييه‌! ناڵێين هه‌موو شتێكى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى دروسته‌ و له‌ژێر هيچ گوشارێكى سياسيدا نييه‌!

 

كێشه‌ و ته‌حه‌ديى جددى له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری هه‌يه‌ كه‌ پێويستى به‌ چاككردنەوە و چاكسازييه‌. به‌ڵام ئەوەی كە گرنگە، دڵنياتان ده‌كه‌مه‌وه‌، ئێمه‌ ئيراده‌يه‌كى جدديمان هه‌يه، سوورين‌ و به‌رده‌وام له‌ كار و هه‌وڵداين بۆ چاككردنى. ئێوه‌ش لاى خۆتانه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو، ده‌توانن گرفته‌كان نه‌هێڵن.

 

ده‌توانن ياسا سه‌روه‌ر بكه‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ده‌ستێوه‌ردان له‌ ئه‌رك و بڕياره‌كانتاندا بكرێت كە بە دڵنیاییەوە دەیڵێم دەسەڵاتی دادوەری ئەو ڕێكچكەیەی گرتووە و لەسەر ئەوە دەڕوات و بەردەوام دەبێت. لەگەڵ ئەوەی كە دەزانین كێشەكان زۆرن، لەگەڵ ئەوەی كە دەزانین كێشەكان ئاسان نین، بەڵام ئەوە وەك ئامانجێك دەستنیشان كراوە و دادوەرەكان لەسەری دەڕۆن.

 

به‌ڕێزان..

گرنگه‌ به‌رده‌وام تواناكانتان پێشبخه‌ن. له‌ دادوه‌ريدا ڕه‌چاوى مافه‌كانى مرۆڤ و پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان بكه‌ن، خولى شياندن و به‌هێزكردن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ببينن، ئه‌وپه‌ڕى سوود له‌ ته‌كنه‌لۆژيا وه‌ربگرن، په‌يوه‌ندى و هاوكاريى به‌رده‌وامتان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌كانى ديكه‌ى هه‌رێمى كوردستان و دامه‌زراوه‌كانى دادوه‌ريدا له‌ عێراق و لە جيهاندا هه‌بێت.

 

کاتی خۆی كه‌ یاسای پەیمانگای دادوەران ئامادە کرا، کۆمەڵێک ئامانجمان هەبوو، لەوانە: پێگەیاندنی دادوەر و ئەندامانی داواکاری گشتی و پەرەپێدانی ئاستی زانستی و مەعریفییان، تا دەسەڵاتی دادوەری هەم لەڕووی دامەزراوەیی، هەم لەڕووی توانای مرۆیی‌ بە شێوەکی پێشکەوتوو، ببێته‌ هۆى بەهێزکردنی پێگەی دەسەڵاتی دادوەرى، هه‌روه‌ها حوکم و سەروەريی یاسا تۆکمەتر و کاراتر بن.

 

ئێستا ئێمە ئەمڕۆ بەرهەمی پەیمانگای دادوەری دەبینین کە زادەی ئەو یاسايه‌يه لە هەرێمی كوردستان‌. ئه‌مه‌ مایەی خۆشحاڵی و پێزانینی ئێمه‌يه‌.

 

هه‌ر له‌م ده‌رفه‌ته‌دا ده‌مه‌وێ داكۆكى له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە داواکاری گشتی ئاماده‌ بكرێت تا ڕێكخستنێكى ياسايييانه‌ بۆ كاره‌كانى و په‌يكه‌رێكى تۆكمه‌ى دامه‌زراوه‌يى بۆ ئامادە بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بخرێتە بەردەم پەرلەمانی داهاتووى کوردستان بۆ گفتوگۆ و پەسەندکردن.

 

دووباره‌ پيرۆزبايى له‌ هه‌موو ده‌رچووان، به‌ڕێزان دادوه‌ران و جێگرانى داواكارى گشتى ده‌كه‌م، به‌تايبه‌تيش پیرۆزباییەكی گەرمی خانمانى به‌ڕێز دەكەم. هيوادارم ده‌ستبه‌كاربوونتان به‌شێك له‌ كه‌موكوڕييه‌كانى ئه‌و بواره‌ پڕ بكاته‌وه‌. ببنه‌نه‌ نموونه‌ى نه‌وه‌يه‌كى تازه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى، به‌ گيانێكى تازه‌وه‌، سه‌ربه‌خۆ و ئازادانه‌ ئه‌ركه‌كه‌تان ڕاپه‌ڕێنن و متمانه‌ و دڵنيايى له‌ناو هاووڵاتيياندا به‌هێز و بەهێزتر بكه‌ن.

 

سوپاس و ده‌ستخۆشى و پێزانين بۆ په‌يمانگاى دادوه‌رى. ئێوه‌ ئه‌ركێكى پيرۆز به‌جێ ده‌گه‌يه‌نن. هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن و خوا پشتیوانتان بێت.

 

سوپاس بۆ ئاماده‌بوونتان و هيواى ڕۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم و دیسانەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە هەرهەمووتان دەكەم و زۆر بە خێر بێن.

Exit mobile version