Site icon Zed Press

ڕاگەیەندراوێک لە حزبی شیوعی کوردستانەوە

زێدپرێس

 

حزبی شیوعی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆزی کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی هەیە، لە هەڵوێست لە بەرانبەر پارتی تێپەڕاندووە بۆ گرفت دروستکردن لە هاتوچۆی هاووڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆیان و ڕێگری لە کاروکاسبی و پێداویستییەکانی ژیانیان.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 

نابێت لەوە زیاتر، ڕەوشی کەرکووک، ئاڵۆز و بێ چارەسەر بێت.

ماوەی ٥ ڕۆژە، کەسانی سەر بە حەشدی شەعبی بە بەرگی مەدەنییەوە، ڕێگای سەرەکی کەرکووک- هەولێریان داخستووە، لەژێر ناوی وەستانەوە بەرانبەر ئەو بڕیارەی سەرەکوەزیران بۆ گێڕانەوەی بارەگای سەرەکی و بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک.

ئەم جموجۆڵەی چەند کەسە، لە هەڵوێست لە بەرانبەر پارتی تێپەڕاندووە بۆ گرفت دروستکردن لە هاتوچۆی هاووڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆیان و ڕێگری لە کاروکاسبی و پێداویستییەکانی ژیانیان.

لەژێر ئەو فشارانەدا، بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیە، ئەمڕۆ شەممە ٢ی ئەیلول، هاووڵاتیانی ناوچە کوردییەکان لە ڕەحیماواوە بەرەو ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکە خۆپیشاندانیان بەڕێخست و لەئەنجامدا،  هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوویان بوونەوە و بە گوللە وەڵامدرانەوە و شەهید و بریندار هەیە.

ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان، نیگەرانین لە ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و لە ڕۆڵی حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی حکومی لە کەرکووک کە لە ماوەی چەند ڕۆژدا نەهاتن بەدەم چارەسەری گرفتەکەوە، کە بووە هۆی قوڵبوونەوە و ناڕەزایی زیاتر.

بارودۆخی کەرکووک پێویستی بە ئارامی و گفتوگۆی دیموکراسییانە و یەکتر قبوڵکردن و پەلەکردنە لە جێبەجێکردنی مادەی  ١٤٠ی دەستوور و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و پێکەوە ژیانە، بەپێچەوانەوەوە ئەمجۆرە هەوڵانەی پاشقول لەیەکگرتن، ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات و زیانی بۆ هەموو لایەک دەبێت و دڵخۆشکەری نەیارەکانمانە.

 

گوتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان

٢ی ئەیلولی ٢٠٢٣

Exit mobile version