زێدپرێس
دەقی بانگەوازی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەربارەی ڕووداوە نەخوازراوەکانی کەرکووک
گەلی کوردستانی تێکۆشەر
جارێکی تر کەرکووک بووەوە بە گۆڕەپانی ململانێیەکی نەخوازراو، لە دەرئەنجامی ناڕەزایی کورد لە سیاسەتی خراپ بەڕێوەبردنی شارەکە، ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مەدەنی دروست بوو، لە ئەنجامدا ھێزە ئەمنییەکانی شارەکە بە فیشەک و توندوتیژی ڕووبەڕووی دەنگی دلێری خەڵک بوونەوە و چەند ھاووڵاتییەکی کورد شەھید و بریندار بوون. بەرپرسیارێتی ئەو کوردکوژییە، بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی پارێزگاری کەرکووکە.
پێویستە ئەوانەی دەستیان چۆتە خوێنی ھاووڵاتیانی کورد سزای یاسایی بدرێن.
دۆخی کەرکووک گرێدراوی پیلانێکی چەندین ساڵەیە و تورکیاش ڕۆڵی خراپی لەو ئاژاوەنانەوە بینیوە و بەردەوامە لە دەستێوەردانەکانی لە کاروباری ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان.
بەرپرسیارێتی ئاسایی کردنەوەی ئەو بارودۆخە و، سنوردانان بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق و سەرۆکایەتی کۆمارە.
ڕووداوە نەخوازراوەکانی کەرکووک بەتایبەتی و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان دەرھاوێشتەی چارەسەرنەکردنی کێشەکانن لەسەر بنەمای نەخشەڕێگای دەستوریی کە خۆی لە ماددەی ١٤٠دا دەبینێتەوە.
پێویستە بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستوری ھەمیشەیی عێراق چارەسەری کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت و ڕەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبکراوەکان بکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاشتی و سەلامەتی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ و بەپێی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی، دەبێت ڕۆڵیان ھەبێ لە پاراستنی مافی مرۆڤ لەو دەڤەرە.
نابێ ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکرێت، کە نەبوونی ستراتیژی ھاوبەشی کوردستانی و ململانێی حیزبی و بەرژەوەندی تەسکی حزبه باڵادەستەکان درزی گەورەی دروست کردووە، کە داگیرکەرانی کوردستان دەستێوەردان لە ململانێ سیاسییەکانی نێوان ھێزەکانی کوردستان بکەن. لەنێوان ھێزە کوردستانییەکان و لایەنەکانی تریش لەلایەکی ترەوە.
بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە ھەوڵەکان چڕ بکرێتەوە، تاوەکو یەکێتی و یەکدەنگی لە ئاستی باڵادا پێک بھێنرێت و مەرامی خراپی داگیرکەران لەبارببرێت.
بانگەواز دەکەین بۆ سازدانی کۆنفرانسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێکھێنانی کۆمیتەیەکی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژ و پلانی خەبات و تێکۆشان. کەرکووک شارێکی کوردستانییە و پێویستە ستراتیژێک دابڕێژرێت بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی ئاشتەوایی و تایبەتمەندی و ڕێزگرتن لە پێکەوەژیانی پێکھاتەکانی کەرکووک و خەڵکی کوردستان و بە ھەموو نەتەوە و ئاین و ئاینزاکان.
لە پیلانی شومی لۆزانەوە تا ڕووداوی ٢ی ئەیلوولی خوێناوی کەرکووک سیاسەتی بن پێکردنی مافەکانی گەلی کوردستان پەیڕەو دەکرێت. داگیرکەرانی کوردستان دژی دەستکەوتەکانی کوردن بەتایبەتی لەباشوری کوردستان.
نابێ ئەوە فەرمۆش بکرێت، کە نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی کە ئامانجی ھەموو ھێزێکی نیشتمانی و کوردێکی ئازادیخوازە دەرفەت دەدات و دەبێتە مایەی ئاسانکاری بۆ داگیرکەری کوردستان، ئەم ڕووداوە خوێناوییەی کەرکووکیش درێژکراوەی ھەمان پیلانی شۆڤێنیانەی داگیرکەرانی کوردستانە و وریایی پێویستە بۆ ڕێگەگرتن لەو ئاشوبەی کە دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی دەیانەوێ بیخوڵقێنن و پێکھاتەکانی کەرکووک بکەنە سوتەمەنی بۆ گەیشتن بە مەرامی فرەوانخوازیی و داگیرکاریان.
نەمری بۆ شەھیدانی ڕۆژی ٢ی ئەیلوولی خوێناوی و ھەموو شەھیدانی کوردستان.
کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان
نوێنەرایەتی باشوری کوردستان
٢٠٢٣/٩/٣