زێدپرێس
دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگای ئۆپۆراسیۆنە هاوبەشەکان و ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە بە پارتی.
ئەمڕۆ یەکشەم ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە داوای یاسایی ژمارە (٢٠١٣/فیدراڵی/٢٠٢٣) و ناوەڕۆکی داواکارییەکە، دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ یەکشەم ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ بڕیاریدا بە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکوەزیران/ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە شاری کەرکووک و ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە بە پارتی دیموکراتیی کوردستان.
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دوابەدوای سکاڵایەک دێت، کە دژ بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە دادگاکە تۆمارکراوە، سەبارەت بە چۆڵکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە بە پارتی، پاش ئەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣دا، فەرمانێکی دەرکرد بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە لەلایەن ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە.
بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، بەشێوەیەکی کاتی ڕێکارەکانی ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە ڕادەگرێت، تا ئەوکاتەی سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بەتایبەت دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێوارەی دوێنێی کەرکووک دێت، کە هاووڵاتیانی کورد لە شارەکەدا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان ڕێکخست دژ بە داخستنی ڕێگای کەرکووک-هەولێر، لەلایەن ژمارەیەک لە هاووڵاتی عەرەب و تورکمان کە دەگوترێت سەر بە حەشدی شەعبیین.
ئەوان زیاتر لە هەفتەیەک دەبوو ڕێگای کەرکووک-هەولێریان داخست، وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر بە بڕیاری ڕادەستکردنەوەی بارەگاکە بە پارتی و داخستنی ڕێگاکەیش ئاستەنگی زۆری بۆ هاووڵاتییان، بەتایبەت کاسبکاران و قوتابیان دروستکردبوو.
پاش گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێوارە و شەوی ڕابردوو، کە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق بە گولە و توندوتیژی وەڵامی خۆپیشاندەرانی کوردیان لە شارەکە دایەوە، لە درەنگانێکی شەودا، خێمەی خۆپیشاندەرەکانی ڕێگەی کەرکووک-هەولێریان داخست بوو، پێچرایەوە و ڕێگاکە کرایەوە.
لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێی کەرکووکدا، چوار گەنجی کورد شەهید بوون و لانیکەم ١٥ برینداریش هەن.