زێدپرێس
وەک ڕێکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، لە ئێوارەی ٣١ی ئابدا، سوپای سەربازی تورکیا زنجیرەیەک بۆردمانی بۆ سەر گوندەکانی بۆڵێ و سڵێ و ئیسێوە لە دەڤەری پشدەر و گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت ئەنجامدا.
بەگوێرەی (CPT)، هەرچەندە، لەو بۆردمانانەدا هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی، بەڵام گوندنشینانی گوندی ئیسێوە، لە ترسی بەئامانجگرتنیان لەناو ماڵەکانیاندا، بۆ چەند کاتژمێرێک ماڵەکانیان چۆڵ کرد و لەدەرەوە مانەوە. لەکاتی بۆردمانەکانی گوندی گەڵاڵەشدا، جووتیارانی ئەو گوندە خەریکی کشتوکاڵ و جووتیاری بوون لە زەوییەکانیاندا و بەهۆی بۆردمانەکانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیاندا پچڕا و تاوەکو درەنگانێکی شەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناو خانەوادەکانیان.
لە ڕۆژی ٢ی ئەیلولیشدا، تورکیا بۆردمانی گوندی کانی میرانی کۆماری کرد لە پێنجوێن. هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی لەو بۆردمانەدا.
سەرباری زیان گەیاندن بە خانوو و بینای هاووڵاتیانی مەدەنی، بەهۆی بۆردمانەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکیاوە، بە دەیان زەوی کشتوکاڵی سوتاون کە ئەمەش بۆتە هۆی زیان گەیاندن بە ژینگە و ئابووری گوندەکان.
پێشتر ڕێکخراوی بنیادنەرانی ئاشتی کۆمەڵگا لە کوردستانی عێراق، ڕایگەیاندبوو، لە ماوەی ١ی ئاب تا ١٦ی ئابی ٢٠٢٣، بە لایەنی کەمەوە ٥٠ بۆردمان لە سەرانسەری کوردستان عێراقدا ڕوویان داوە. ئەو شوێنانەی بە ئامانج گیراون بەزۆری شوێنی پڕ لە هاتوچۆی وان کە لەلایەن خەڵکی مەدەنییەوە بەکاردەهێندرێن. لەسەرەتای مانگی ئابەوە تاوەکو ١٦ی ئاب، بە لایەنی کەمەوە ٥ هاووڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و هاووڵاتییەکیش بریندار بووە.