Site icon Zed Press

دەستگیرکردنی کوڕ و دایک و باوکێکی پیری ڕۆژهەڵات لەلایەن پاسەوانی سنورەوە

زێدپرێس

 

هێزەکانی پاسەوانی سنور لە سنورەکانی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کوڕ و دایک و باوکێکی بەتەمەن دەستگیر دەکەن، لەکاتی هاتنیان لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 

ئەمڕۆ دووشەم ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، هێزەکانی پاسەوانی سنور لە ناوچەی یەکی سنور، دەستگیرکردنی کوڕ و دایک و باوکێکی بەتەمەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان ڕاگەیاند، کە دەیانویست لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ هەرێمی کوردستان بێن.

فەرماندەییەکە ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی سێ کەسەکە بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا دەڵێ “لەسەر ڕاسپاردەی فەرماندەیی و لە درێژەی کار و چالاکییەکانی ناوچەی یەکی سنوور، مەفرەزەیەکی فەوجی ٢ی لیوای ٣ توانیان (٣) كەسی بێگانە دەستگیر بکەن، کە دەیانویست بەشێوەی نایاسایی لە خاکی ئیرانەوە بێنه نێو خاکی عێراق”.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، دەستگیرکراوەکان ڕادەستی “لایەنی پەیوەندیدار” کراون.

لەگەڵ گوشارەکانی هەردوو حکوومەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان و ویستی ئێران و عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای عێراقەوە، تا دێت سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان توندتر دەکرێن و ڕۆژانەیش دەستگیرکردنی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات یان هاووڵاتییانی ئاسایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەیانەوێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنورەوە بەردەوامە.

 

Exit mobile version