زێدپرێس
ئەمڕۆ سێشەم ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، دەزگای ئاسایشی هەرێم/سلێمانی ڕایگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی سەربە دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان ٦ تۆمەتباری تەقەکەر و ئاژاوەگێڕیان دەستگیرکرد.
لەڕاگەیەنراوێکدا دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕوونی دەکاتەوە، دوای بیستنی دەنگی تەقە و تەقەکردن لەلایەن “چەند چەکدارێکی نایاسایی و تێکدەر و ئاژاوەگێڕ و تەقەکەر” لەباخێکدا لە سنوری شارەدێی شۆڕش لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، کە هەستابوون بە نانەوەی پشێوی و تەقەکردن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ، لەسەر سکاڵای هاووڵاتیان هێزەکانی ئاسایش دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە شەوی ١١ی ئەیلوولدا، ٦ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە پێشینەی تاوانیان هەبووە و دەستیش بەسەر چەندین پارچە چەکی بێمۆڵەت و سەدان فیشەک و هەشت (سەمامی) گولەی هاوەندا گیراوە.
دەزگای ئاسایش ئاشکرای کردووە، “لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران، بە چەک ڕووبەڕووی هێزەکانمان بوونەوە و سەرئەنجام دەستگیرکران و بەبڕیاری دادوەر بە ماددەی ١٥٦ لەیاسای سزادان ڕاگیران و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە”.