زێدپرێس
لە ناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست بە کۆکردنەوەی ئیمزای ئەندامانی ئەنجوومەن کرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
کەمێک پێش ئێستا(١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣) سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لەناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران دەستیان بە کۆکردنەوەی ئیمزا کردووە، بەمەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری خێرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی گوشار لەسەر حکوومەتی عێراق لەوڕووەوە.
شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا ئیمزای ٩٦ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆکراوەتەوە و سوپاسی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و بەشێک لە فراکسیۆنە عێراقییەکان دەکات کە هاوکارن لە ئیمزاکردنی یاداشتەکە.
زیاتر دەڵێ “دڵنیایی دەدەین هەرچی پێویست بێت بۆ وەرگرتنی مافی مووچەخۆرانمان دەكەین و دڵنیاش بن ئەم دۆخە خراپە بەم شێوازە بەردەوام نابێت”.