زێدپرێس
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بارودۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق بوژانەوەیەكی گەورەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام بە سەرهەڵدانی شەڕی تیرۆرستانی داعش و بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی ناوەندی عێراق و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و دواتریش سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، هەرێمی كوردستان كێشەی ئابووری جۆراوجۆری بۆ دروست بوو.
ئێستا بەهۆیی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی عێراق و جێبەجێ نەكردنی مادەكانی یاسایی بودجەی عێراق، بڕین و نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە، كە تێكەڵ كراوە بە پەیوەندییە سیاسییەكانەوە، بۆتە هۆی ئەوەی كە كێشەی ئابووری بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دروست ببێت.
ئێمە وەكو یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان دژی جێبەجێنەكردنی دەستوور و یاسای بودجەی عێراقین و داوا لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەكەین هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەپێناو بەردەوامی پێشخستنی پڕۆسەی ئابووری هەرێمی كوردستان.
یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣