زێدپرێس
هەرچەند محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێداگیری لەسەر ئەوە کرد، کە لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق نەهاتووە، پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام لەیاسای بودجەدا مووچەی فەرمانبەران بە جیا هاتووە.
ڕۆژی دووشەم ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکار، لەبارەی کێشەی خەرج نەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، گوتی “لەیاسای بودجەدا نەهاتووە، پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرین”.
ئەو لێدوانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتێکدا دێت، کە لە ناوەڕۆکی یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، لەکۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بە مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران کراوە.
دەقی یاسای ژمارە ١٣ی یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ لە ژمارە ٤٧٢٦ی ڕۆژنامەی فەرمی عێراق(وەقایعی عێراق) بڵاوکراوەتەوە.
لە لاپەڕە ٧٠ی وەقایعی عێراق، کە تایبەتە بە خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵی عێراق و لە ڕیزبەندی ٥٣دا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان هاتووە، کە بەکۆی گشتی دەکاتە ١٦ ترلیۆن و ٤٩٧ ملیار و ٨٧١ ملیۆن و ٨٩ هەزار دینار.
شایستە داراییەکان لە یاسای بودجەدا، بەشێوەیەکی ئاسایی جیا کراونەتەوە، کە پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە و شایستەکانی فەرمانبەران، بودجەی وەبەرهێنان و بەگەڕخستن و …هتد دەگرێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا بڕی ٩ ترلیۆن و ٢٩٩ ملیار و ٥١٣ ملیۆن و ٦١٦ هەزار دینار بۆ شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
لەسەر ئەو بنەمایەش، مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەک لە یاسای بودجەی فیدڕاڵی عێراق ئاماژەی بۆ کراوە، بەڵکوو ڕێژەی هەرە زۆری شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیش پێکدێنێت.
حکوومەت و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە و بە جیا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و تێکەڵی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان نەکرێت. ئەوەش بەو مانایەی کە حکوومەتی عێراق خەرج نەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک کارتی گوشار لەسەر حکوومەتی هەرێم بەکاردێنێت. بەرپرسانی هەرێم ئەو هەڵسوکەوتەی لایەنی عێراقی بە “سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان” پێناسە دەکەن.