زێدپرێس
دەقی بەیاننامەکە:
جەماوەری خۆڕاگر و ستەملێكراوی كوردستان..
ئەوەی دیمەنی ئێستای شاری كەركووك، بە تایبەتیش دەروازەی هەولێر- كەركووك ببینێت بە دڵنیاییەوە تووشی شۆك دەبێت لە بوونی ئەو هەموو زرێپۆش و هێزە چەكدارەی سەر شەقام و ئەو كۆڵانانەی دەچنەوە ناو گەڕەكی شۆراو و ڕەحیماوە و هەتا لای قەڵای كەركووكیش، وەك ئەوەی بۆ شەڕێكی دەستەویەخە لە ئامادەباشیدا بن، بە دڵنیاییەوە ئەمەش تا دێت ڕقی كوردانی كەركووك بەرانبەر ئەو هێزە و هەتا بەرانبەر حكوومەتی عێراقیش توڕە و تووندتر دەكات، چونكە هیچ پاساوێك نەماوە بۆ بوونی ئەم هێزە زۆرە، هەرچەندە پێشتریش لە ئەنجامی ئەو كەڵەگاییەی كە عەرەبی هاوردە و بەشێك لە توركمانەكانی كەركووك لە ئەنجامی داخستنی ڕێگای هاتوچۆی نێوان كەركووك و هەولێر، خەڵكی كەركووك هاتنەدەنگ و چیتر ئەو دەستدرێژیانەیان قەبوڵ نەكرد، كە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراقەوە دەكرایە سەر پیرۆزییەكانی كورد لە كەركووك، كە بە داخەوە لە ئەنجامی ئەو پەرچەكردارەی خەڵكی كەركووك چوار ڕۆڵەی قارەمانی ئەم شارە بوونە قوربانی و دۆخەكەی ئاڵۆزتر كرد.
ئێمە وەكوو نوێنەرانی هەردوو حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان لە لقی كەركووكی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستان، ئەوپەڕی ناڕەزایی خۆمان بەرانبەر مانەوەی ئەم هێزە ترسناكەی سوپای عێراقی لە كەركووك دەردەبڕین و پێمان وایە ئەمە پێشێلكردنی دەستووری عێراق و كوشتنی گیانی برایەتی و تێكدانی شیرازەی پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتیی نێوان پێكهاتەكانی كەركووك و نمایشكردنەوەی هەمان تابلۆ ترسناكەكانی سەردەمی ڕژێمی پێشووە، نەك چارەسەری كێشەكان. لە هەمان كاتیشدا زۆر بە داخەوەین بۆ ئەوەی بە ئاشكرا خەریكە كەركووك دەكرێتە قوربانی بەرژەوەندی و خواستی حزبایەتی و كۆكردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك. هەموو لایەكیش لەوە دڵنیان كە دۆخی كەركووك زۆر مەترسیدارە و بەرگەی ئەو هەموو پاڵەپەستۆ و ستەمە ناگرێت كە دەكرێتە سەری.
بۆیە داوا لە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەین كە كەركووك نەكەنە قوربانی بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتیی خۆیان، پێشمان وایە باشترین چارەسەر، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ڕێگەنەدانە بە دووبارەكردنەوەی ئەو كەڵەگاییەی كە بەشێك لە عەرەبی كەركووك و توركمانەكان ئەنجامیاندا.
هەر لێرەشەوە داوای ئازادكردنی گیراوەكان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكانیش دەخوازین و هەزاران سڵاویش بۆ گیانی پاكی ئەو چوار شەهیدە خێر لەخۆنەدیوەش دەنێرین.
ڕزگار حەساری
نوێنەری حزبی شیوعی كوردستان
ڕابەر ڕەشید
نوێنەری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
كەركووك
١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣