زێدپرێس
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عێراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی دەکەین كە شەهیدبوون و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستانی لێكەوتەوە.
ئەم کردەوە تاوانکارییە بەئاشکرا بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراقە و لەچوارچێوەی ئەو پیلانانەدایە کە ئامانج لێی تێكدانی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت سنووری سلێمانییە.
لەبەرامبەر چەندبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییە، ئەركی هەموولایەنە سیاسییەکانی هەرێمە پێکەوە رووبەڕووی مەترسییەكان و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان ببینەوە و كوردستان لە ناحەزان و دوژمنكاران بپارێزین.
وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی هەر سێ شەهیدی قارەمانی دژەتیرۆر کە شەهیدی ئارامیی کوردستانن، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. هەروەها دەستبەجێ داوای راگرتنی ئەم ھێرشانە دەکەین و داوا لە حکومەتی عیراقیش دەکەین کە ئەرکی دەستووریی و نیشتمانیی خۆی لە پاراستنی خاک و ئاسمانی عیراق بە کوردستانیشەوە رابپەڕێنێت و چیتر رێگە بەم پێشلکارییانە نەدرێت.
داوا لە هەموو دۆستانمان، وڵاتانی جیهان و سەرجەم ئازادیخوازان دەكەین هەڵوێستی جدییان هەبێت و هاودەنگمانبن بۆ راگرتنی ئەم كردەوە تیرۆریستیانە، ئێمەی كورد كە لە ساڵانی رابردوودا پێشڕەوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆربووین و قوربانیی گەورەمان داوە، ناكرێت بكرێینە ئامانجی كردەوەی تیرۆریستیی لەمشێوەیە.
خەڵكی خۆشەویستی كوردستان،
پشت بەخوای گەورە و ئێوە پێکەوە بەسەر ئەم دۆخەشدا زاڵدەبین و بە یەكگرتووییمان سەقامگیریی لە هەرێمەكەمان بەرقەرار دەكەین و رووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییەكان دەبینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان