Site icon Zed Press

عەبدوڵڵا ئاکرەیی: ئێران لە هەرێمی کوردستان ڕازییە

زێدپرێس

 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران ڕایدەگەیەنێت، ھەرێم و ئێران لێکتێگەیشتنیان ھەیە بۆ پاراستنی سنووری نێوانیان، شەش مانگە ھیچ ھێرشێک و کردەوەیەک لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان دژی ئێران ئەنجام نەدراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: “ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووینەتە ڕێککەوتن لەناو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە ھێرشی چەکداری نەکرێتە سەر ئێران، یان بارەگای فەرمیی لەسەر سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ھەبێت”.

زیاتر دەڵێ، “ھەنگاوی باش نراون، بەڵگەشمان ھەیە؛ ماوەی شەش مانگە ھیچ کردەوەیەک دژی ئێران لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان نەکراوە، ئێرانیش خۆی ئەوە دەزانێت”.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران گوتی، “ئێستا لێکتێگەیشتن ھەیە و ئێرانیش ڕەزامەندە لەسەر ئەو ھەنگاوانەی نراون، ئێمەیش ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک ببێتە مەترسی بۆسەر دراوسێکانی ھەرێم ھەم بۆ تورکیا و ھەم بۆ ئێران”.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: “ئەوەی لەتوانای ھەرێمی کوردستاندابێت لەڕووی ئەمنییەوە ئەنجامی دەدات بۆ پاراستنی سنوورەکان، لەبەر ئەوەی بازرگانی و ھاتوچۆی ھاووڵاتییانی ئێمە لەسەر سنوورەکانە، ھێندەی منیش ئاگادارم لە دوای ١٩ی مانگەوە برادەرانی ئێران ڕازین بە ڕێکارەکانی پاراستنی سنوور لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە”.

Exit mobile version