زێدپرێس
ئهمڕۆ پێنجشەم ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
له کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا تاوتوێ کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی حکوومەت، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆسهی چاکسازی له وهزارهتی پێشمهرگه و هەنگاوەکانی یهکخستنهوهی هێزەکانی پێشمهرگه و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی.
ڕاگەیەنراوەکە دەڵێ “سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوون و خێراکردنی پڕۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە”.
هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، مەسرور بارزانی “ئاماژەی بەو دەنگۆیانە دا، کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و گوتی پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دووربخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانایی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتی هەبێت”.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا دەربارەی بارودۆخی سوریا و بە تایبەتی ئاڵۆزییەکانی دەڤەری دێرەززۆر و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە.