Site icon Zed Press

سەردار هەرکی دەستبەرداربوونی لە ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتی ڕاگەیاند

زێدپرێس

 

سەردار سەباح هەرکی ئەندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەڕێگەی یاداشتنامەیەکەوە، دەستبەرداربوونی لە “هەموو ئیمتازات و پۆست”ێکی حزبەکەی ڕاگەیاند.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، سەردار سەباح هەرکی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یاداشتنامەیەکی کراوەی بڵاوکردەوە، کە تیایدا دەستبەرداربوونی خۆی لە پۆست و ئیمتیازاتی حزبەکەی ڕاگەیاند.

هەرکی، لە سەرەتای یاداشتنامەکەیدا، هەڵوەستە لەسەر بارودۆخی یەکێتیی نیشتمانی و گرێدانی کۆنگرەی نوێی حزبەکە دەکات و ڕایگەیاندووە، کۆنگرە لەم هەلومەرجەدا، دەشێت گرفتەکان قوڵتر بکاتەوە تا بە چارەسەریی.

 

دەقی یاداشتنامەکە:

 

كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان

ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى دڵسۆزى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

ماوه‌یه‌كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌دۆخێكی ناته‌ندروست تێده‌په‌ڕێت، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه‌ گرفتی زۆر له ‌ناوخۆی یه‌كێتی دروستبووه‌، كه‌ بۆته‌ هۆی لێكترازانی ناوخۆیی و دابڕان له‌ پڕه‌نسیپ و په‌یڕه‌وی ناوخۆ و به‌هاكانی دیموكراسی و په‌كکه‌وتنی ژیانی حزبایه‌تی.

وه‌ك هه‌موولا ئاگادارن بڕیاردراوه‌ ٢٧ی ئه‌م مانگه‌، كۆنگره‌ی پێنجه‌مى یەکێتی بكرێت. ئه‌م كۆنگره‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ زه‌مینه‌ی كۆنگره‌كردن فه‌راهه‌م نییه ‌و كاری له‌پێشینه‌ى دیكه‌ هه‌یه‌. له‌لایه‌ك له‌هه‌موو كات زیاتر دۆخی ناوخۆ پێویستی به‌ پڕۆسه‌ی ئاشته‌وایی و ته‌بایی هه‌یه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ دوو هه‌ڵبژاردنی گرنگ و چاره‌نوسسازمان له‌به‌رده‌مه‌، پێویست ده‌كات یه‌كێتی خۆی بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ ئاماده ‌بكات. یه‌كێكیان هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانه‌ كه‌ بۆ ئاینده‌ی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان زۆر گرنگه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌كۆتایی شوباتی ٢٠٢٤ بكرێت.

كۆنگره‌كردن له‌م بارودۆخه ‌و به‌بێ بوونی زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری هێمنی و سه‌قامگیریی ناوخۆیی، زیان به‌ده‌نگ و پێگه‌ى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌گه‌یه‌نیت. بۆیه‌ پێم وایه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له ‌هه‌لومه‌رجێكدا ده‌كرێت كه‌ زه‌مینه‌ له‌بار نییه ‌و له‌ئه‌نجامدا زیان به‌ یه‌كێتی ده‌گه‌یه‌نێت. ڕه‌نگه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ له‌بری چاره‌سه‌ركردن گرفته‌كان قوڵتر بكاته‌وه‌.

 

دۆستان؛ لایه‌نگرانی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان

به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌، پێویسته‌ ئه‌وله‌ویه‌ت به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى ڕیزه‌كان و ئاشتبوونه‌وه‌ى گشتیی ناوخۆیی بدرێت، به‌دڵنیاییە‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆنگره‌یه‌كین ببێته‌ هۆی نوێبوونه‌وه ‌و به‌هێزبوون و كۆبوونه‌وه‌ى هه‌مووان له‌ ده‌وری مه‌شخه‌ڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌گه‌ڵ كۆنگره‌یه‌كین یه‌كێتی بباته‌وه‌ سه‌ر چه‌پكه ‌گوڵه‌كه‌ی مام جەلال و ڕێچكه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی یه‌كێتیی، كه‌ له‌گه‌ڵ ئێش و ئازاری خه‌ڵكی كوردستاندا بێت و هیوا و خواسته‌كانی گه‌نجه‌كانمان بێنێته‌ دی، نه‌ك ببێته‌ هۆی په‌رته‌وازه‌یی و لێكترازانی زیاتر.

كۆنگره‌ به‌م شێوەیه‌ زیانی گه‌وره‌ به‌ئاشتی ناوخۆیی و یه‌كڕیزی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌گه‌یەنێت، هاوكات ده‌بێته‌ هۆی سه‌پاندنی واقعێكی  ناكۆك له‌گه‌ڵ بنه‌ما و پڕه‌نسیپه‌ نه‌گۆڕه‌كانی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئازادی و ڕێڕه‌وی دیموكراسی.

بۆیه‌ ده‌مه‌وێت به ‌هه‌موولا ڕابگه‌یەنم، كه‌ له‌م بارودۆخه‌دا به‌ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی مێژوویی خۆم هه‌ڵده‌ستم و نابمه‌ به‌شێك له‌دروستكردنی بارودۆخێك كه‌ لێكه‌وته‌كانی زیان به ‌یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و‌ بەهاكانی دیموكراسیه‌ت له‌ كوردستان ده‌گه‌یەنێت، بۆیه‌ ڕایده‌گه‌یەنم كه‌ به‌شداری له‌م كۆنگره‌یه‌دا ناكه‌م، و‌ به‌م یاداشته‌ ده‌ستبه‌رداری هه‌موو پۆست و ئیمتیازاته‌كی حزبی ده‌بم.

 

سه‌ردار هه‌ركی

ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی

ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێكکه‌وتی ٢٣/٩/٢٠٢٣

Exit mobile version