Site icon Zed Press

نێچیرڤان بارزانی: نابێ مافه‌کانی كوردستان بكرێنه‌ بارمته‌ى ناكۆكيى سياسی

زێدپرێس

 

‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م‌ ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ سلێمانی به‌شداری له‌ ڕێوڕه‌سمی کردنه‌وه‌ی پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كرد.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

 

به‌ڕێز بافل جه‌لال تاڵه‌بانى،

سه‌رۆكى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان

به‌ڕێزان ئاماده‌بووان و ئه‌ندامانى كۆنگره‌ى پێنجه‌مى يه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

خۆشحاڵم كه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێزدا، ئه‌مڕۆ به‌شدارى له‌ ڕێو‌ڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى كاره‌كانى پێنجه‌مين كۆنگره‌ى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستاندا ده‌كه‌م. پيرۆزباييى به‌ستنى كۆنگره‌ له‌ ته‌واوى ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌رى يه‌كێتى ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ ئێوه‌ و بۆ كۆنگره‌كه‌تان ده‌خوازم. هيوادارم كۆنگره‌، بۆ دۆخى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و عێراق، ئه‌نجامى باش و ئه‌رێنى لێ بكه‌وێته‌وه‌.

هه‌ر لێره‌دا، هه‌ر له‌م ڕۆژه‌ گرنگه‌دا به‌وپه‌ڕى ڕێز و شكۆوه‌، خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌. گيانى شاد و يادى هه‌ميشه‌ به‌ خێر بێت. يه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، يادگاريى مام جه‌لاله‌ و ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌مان گيان و بير و ئاراسته‌ى ئه‌و، بۆ لێكتێگه‌يشتن و ته‌بايى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان، بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌نديى گشتى، له‌سه‌ر ئه‌و ڕێچكه‌یه‌ی مام جه‌لال به‌رده‌وام بێت.

يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان، ڕۆڵ و پێگه‌يه‌كى ديار و سه‌ره‌كى له‌ بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاريخوازيى كوردستاندا هه‌يه‌. له‌ سه‌رده‌مى ئازاديدا، له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستان، دوو هێزى سه‌ره‌كيى بنياتنه‌ر و دامه‌زرێنه‌رى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانيان بوون. به‌ به‌شدارى و هاوكاريى به‌ره‌ى كوردستانى و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى ديكه‌، مێژووى نوێيان بۆ گه‌لى كوردستان، نووسيوه‌.

ئێستاش يه‌كێتى له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ عێراقيش، يه‌كێكه‌ له‌ هێزه‌ سه‌ره‌كييه‌كانى پرۆسه‌ى سياسی‌، ئه‌وه‌ش به‌رپرسياريه‌تييه‌كى گه‌وره‌ى نيشتمانى‌ ده‌خاته‌ سه‌ر شانى یه‌كێتی. له‌گه‌ڵ هێز و لايه‌نه‌ سياسى و پێكهاته‌كانى كوردستاندا، هه‌موويان پێكه‌وه‌ ئه‌ركى پاراستنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كارى هاوبه‌شيان له‌سه‌ر شانه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزن.

 

به‌ڕێزان

ئه‌زموونى پێكه‌وه‌كاركردنى پارتى و يه‌كێتى و هاوكارى و برايه‌تيى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى و خوالێخۆشبوو جه‌نابى سه‌رۆك مام جه‌لال، سه‌لماندوويه‌تى كه‌ سه‌ركه‌وتن له‌ يه‌كڕيزى و هاوبه‌شى و كارى پێكه‌وه‌ييدايه‌. سه‌ركه‌وتنى ڕاپه‌ڕين، جێگيريكردنى فيدراڵى و زۆرێك له‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستان له‌ ده‌ستوورى عێراقدا، ئاوه‌دانى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان، به‌رهه‌مى ڕاسته‌وخۆى ئه‌و هاوكارى و ته‌بايى و برايه‌تييه‌ بووه‌.

ئێستاش، بۆ تێپه‌ڕاندنى هه‌موو سه‌ختييه‌كان، بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، تاكه‌ ڕێگه‌مان له‌به‌رده‌مدايه‌، ئه‌ويش به‌رده‌وامى و درێژه‌دانه‌ به‌ هاوكارى و يه‌كترقبووڵكردن و هاوبه‌شى و كارى پێكه‌وه‌ييى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، لێره‌ و له‌ به‌غدا. هێز و مانه‌وه‌ى هه‌موومان له‌ يه‌كڕيزى و ته‌باييدايه‌، پێچه‌وانه‌كه‌يشى زيان و لاوازيى هه‌رێمى كوردستانه‌.

پێويستيى ئه‌م قۆناغه‌ و ئاڵنگارى و مه‌ترسييه‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان، ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، هه‌رچى ناكۆكييان هه‌يه‌ به‌لاوه‌ بنێن. هه‌رێمى كوردستان به‌هێزتر بكه‌ين و هه‌موومان پێكه‌وه‌، يه‌كهه‌ڵوێست، يه‌كده‌نگ و به‌هێز، له‌ به‌غدا بين. ده‌بێ ئه‌وه‌ ئامانجى هاوبه‌ش و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موومان بێت.

ئاسايييه‌ لايه‌نه‌كان ڕكابه‌ريى سياسى و جياوازييان له‌ بيروبۆچوونى سياسيدا هه‌بێت، به‌ڵام پێويسته‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كى هاوبه‌ش، هه‌موومان بۆ ئامانجێكى هاوبه‌ش كۆبكاته‌وه‌ كه‌ پاراستنى ئه‌زموون و ماف و ده‌ستكه‌وته‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌.

هه‌رێمى كوردستان كاتێك به‌هێزه‌ كه‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى، يه‌كڕيز و ته‌با بن، كه‌ دامه‌زراوه‌كانى، سه‌ربه‌خۆ و پارێزراو و ڕێزلێگيراو بن، كه‌ ده‌ستێوه‌ردانى حزبى و سياسى له‌ كاروبارى دامه‌زراوه‌كان و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منييه‌كاندا نه‌بێت.

هه‌رێمى كوردستان كاتێك به‌هێزه‌ كه‌ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و وڵات، بخه‌نه‌ پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندييه‌كى ديكه‌وه‌. كه‌ ململانێى حزبى و سياسى، نه‌بێته‌ مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ى سياسى و ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان.

 

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز

هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕاپه‌ڕينه‌وه‌ تا ئێستا، وێڕاى هه‌موو هه‌وراز و نشێوى و كه‌موكوڕييه‌كان، ئه‌زموونێكى جوانى له‌ ناوچه‌كه‌دا نيشان داوه‌ كه‌ بووه‌ مايه‌ى سه‌رنج و ڕێزى جيهان و عێراق.

ديموكراسى، ئازادييه‌كان، مافه‌كانى مرۆڤ، ئازاديى ڕاده‌ربڕين و ئازاديى ڕۆژنامه‌وانى، پێكه‌وه‌ژيان، يه‌كترقبووڵكردن، لێبورده‌يى، فره‌ييى ئايينى و نه‌ته‌وه‌يى، هه‌موو ئه‌وانه‌، ئه‌و سيما و بنه‌ما و به‌ها هاوبه‌شانه‌ن كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ جيهانى پێشكه‌وتووى مرۆڤايه‌تييه‌وه‌ دەبه‌ستێته‌وه‌ و بوونه‌ته‌ مايه‌ى ڕێز و شانازيى گه‌لى كوردستان.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ بۆ هه‌ميشه‌ ده‌ست به‌و بنه‌ما و به‌ها باڵاكانى مرۆڤايه‌تييه‌وه‌ بگرين و بيانپارێزين. ده‌بێ هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، كار بۆ به‌هێزكردنيان بكه‌ن، بيانكه‌نه‌ بنه‌مايه‌كى سه‌ره‌كيى بير و كردار و كار و ژيانى سياسى و په‌روه‌رده‌يى و كۆمه‌ڵايه‌تيمان.

هه‌ڵبژاردن وه‌ك بنه‌ماى سه‌ره‌كيى ڕه‌وايه‌تيى ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانى، بۆ هه‌رێمى كوردستان پێويسته‌ يه‌كه‌م و هه‌ره له‌پێشه‌وه‌ بێت‌. ده‌بێ هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى شوباتى داهاتوو، ده‌نگدانێكى سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت.

هه‌رێمێكى كوردستانى به‌هێز ده‌توانێت ڕۆڵ و ئاماده‌يى و كاريگه‌ريى باشترى له‌ به‌غدا و له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو عێراق هه‌بێت. ده‌توانێت باشتر به‌رگرى له‌ ده‌ستكه‌وته‌كان و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى بكات. ده‌توانێت جێگه‌يه‌كى باشتر و به‌هێزتر له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌ جيهاندا بگرێت. بۆيه‌ به‌ په‌له‌ى يه‌كه‌م ئه‌ركى پارتى و يه‌كێتييه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى ديكه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا، كار بۆ سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

 

به‌ڕێزان

ئه‌وه‌ زۆر باش و پێويسته‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ گفتوگۆى به‌رده‌وامدان. ڕاسته‌ هه‌ندێك به‌ره‌وپێشچوون له‌ گفتوگۆكاندا هه‌يه‌، به‌ڵام هێشتا له‌به‌ر كێشه‌كانى به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى ياساى بودجه‌ و ناردنى شايسته‌ دارايييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها له‌به‌ر هه‌نارده‌نه‌كرنه‌وه‌ى نه‌وت، ئێستا هه‌رێمى كوردستان له‌ دۆخێكى سه‌ختى داراييدايه‌. دۆخه‌كه‌ كاريگه‌رييه‌كى دژوارى به‌سه‌ر ته‌واوى ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتييان‌ جێهێشتووه‌.

لێره‌دا، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌يه‌وێت هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ گفتوگۆ و لێكتێگه‌يشتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات. ئێمه‌ چاوه‌ڕوانيمان هه‌يه‌ حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵى به‌پێى ڕێككه‌وتنه‌ سياسييه‌كان و ياسا و ده‌ستوور و سيسته‌مى فيدراڵى، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا بكات. نابێ بودجه‌ و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان بكرێته‌ بارمته‌ى ناكۆكيى سياسی.

ده‌بێ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى پێكهێنه‌رى حكوومه‌تى فيدراڵى، يارمه‌تيده‌ر و پشتيوانى سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز محه‌مه‌د شياع سوودانى بن بۆ جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنه‌ سياسييه‌كان. ده‌بێ هه‌موو كه‌س و لايه‌ن و هێزه‌كان له‌ عێراق بزانن كه‌ دروستكردنى كێشه‌ى دارايى بۆ هه‌رێمى كوردستان، هيچ خزمه‌تێك به‌ عێراق ناكات.

ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ر ناوچه‌يه‌كى عێراق، ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتنه‌ بۆ هه‌موو عێراقه‌. ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌م گيانه‌ و به‌م تێگه‌يشتنه‌ له‌ ته‌واوى عێراق ده‌ڕوانين، هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ كه‌ڵكى گه‌لانى عێراق و ته‌واوى پێكهاته‌كانى دێت. عێراق به‌بێ جياوازى، كۆكه‌ره‌وه‌ و وڵاتى هه‌موومان بێت به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌. بێبه‌شكردنى هه‌ر پێكهاته‌يه‌كى عێراق، پابه‌ندى و وابه‌سته‌يى به‌ وڵات‌ لاواز ده‌كات.

ده‌بێ هه‌موومان له‌ عێراق، ڕابردوو بكه‌ينه‌ وانه‌ و په‌ند و سوودى لێ وه‌ربگرين. شكستى هه‌رێم و یان هه‌ر ناوچه‌ و پێكهاته‌يه‌كى عێراق، هه‌رگيز سه‌ركه‌وتنى هيچ به‌ش و پێكهاته‌يه‌كى تر‌ى عێراق نه‌بووه‌ و نابێت. پێكهاته‌كان و سه‌رمايه‌ى مرۆيى و سروشتيى عێراق، هێزێكى گه‌وره‌ن بۆ عێراق. ئێمه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌توانين عێراق بكه‌ينه‌ وڵاتێكى به‌هێزى ناوچه‌كه‌ و جيهان. ئه‌گه‌ر تێگه‌يشتن و ئيراده‌ى ڕاسته‌قينه‌ى سياسى بۆ ئه‌مه‌ هه‌بێت، به‌ دڵنيايييه‌وه‌ عێراق ده‌بێته‌ ئه‌و عێراقه‌.

وه‌ك چۆن يه‌كگرتوويى و يه‌كڕيزى له‌ هه‌رێمى كوردستان، بنه‌ماى سه‌ركه‌وتنمانه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ هاوبه‌شيى پێكاته جياوازه‌كانى عێراق له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئايينێك بن، له‌ ده‌سه‌ڵاتى سياسى و كارگێڕيى وڵاتدا، عێراق ده‌خاته‌ شوێن و پێگه‌ى ڕاسته‌قينه‌ى خۆى. ده‌بێته‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێشكه‌وتن بۆ خۆى و بۆ ناوچه‌كه‌ش‌.

له‌ كۆتايی قسه‌كانم، دووباره‌ پيرۆزباييى به‌ستنى كۆنگره‌ى پێنجه‌م له‌ يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ كۆنگره‌كه‌تان ده‌خوازم. هيوادارم ده‌ره‌نجام و بڕياره‌كانى كۆنگره‌كه‌تان، ببنه‌ مايه‌ى پته‌وكردنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و كارى پێكه‌وه‌ييى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ عێراقدا.

 

جارێكی تر زۆر سوپاس

هيواى كاتێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم.

Exit mobile version