زێدپرێس
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە بڵاوکردەوە، کە باس لە ڕێگری وەزارەتەکە لە ئەنجامدانی چەند جۆرە نەشتەرگەرییەک دەکەن.
ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی تەندروستی، پڕیەتی لە هەڵەی ڕێنووس و زمانەوانی، بەڵام زێدپرێس دەقی ڕوونکردنەوەکە وەک خۆی بڵاو دەکاتەوە:
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
ڕونکردنەوەیەک بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویست …
بەداخەوە چەند پەیجێکی سۆشیاڵ میدیا بابەتێکیان بڵاوکردیتەوە گوایە وەزارەتی تەندروستی ڕێگرە لە ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەریەک بەبێ ئەوەی بڕیارەکە بخوێننەوە یان ڕای فەرمی وەزارەت وەربگرن …
بۆ ئەم مەبەستە تەواوی ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندانە ڕەتدەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کەوا ڕاگرتنی نەشتەرگەری دوورە لە ڕاستی و تەنها شێواندنی ڕاستیەکانە بۆ مەرامی چەند بەرژەوەندخوازێک.
ڕاستیەکەی بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە دیاردەیەکی نایاسایی کە لە چەند نەخۆشخانەیەک و فریاکەوتن سەرپێچی دەکرا لەلایەن چەند کەسێک کەوا نەخۆش ناچار دەکرا کڕینی پێداویستی نەشتەرگەری و دیاردەی کڕین و فڕۆشتن لەناو نەخۆشخانەی حکومی لەگەڵ هاوڵاتیان بکەن بەبێ هیچ ڕێکارێک و ڕەزامەندی فەرمی.
وەزارەتی تەندروستی بڕیاری قەدەغەکردنی ئەو سەرپێچیەی داوە و ڕێگە دەگرێت لە بەرژەوەندی کرین و فڕۆشتنی پێداویستی بە نایاسایی کە بێنە ناو نەخۆشخانەی حکومی و بیفڕۆشن بە هاوڵاتیان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بوودجەی تایبەتی مانگانەی تەرخانکردووە و پێویست ناکات نەخۆش خۆی دابینی بکات، لێرەوە وەزارەتی تەندروستی جەخت لە دابینکردنی پێداویستیەکان دەکاتەوە لەسەر ئەرکی حکومی نەوەک پێشێلکردنی مافی نەخۆش و کڕینی لەلایەن هاوڵاتیانەوە.
لەهەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەنجامدانی سەرجەم نەشتەرگەریەکان لە کەرتی گشتی و نەخۆشخانەی حکومی. دیاردەی ناچارکردنی نەخۆش و ناردنی بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسایی دەبنەوە.
بە پێویستمان زانی بەرچاوڕوونی و دەقی بڕیارەکە بڵاوبکەینەوە بۆ هاوڵاتیانی خۆشەویست پشانی بدەین کەوا هیچ نەشتەرگەریەک باسی قەدەغە نەکراوە بەڵکو ئەو بڕیارە لە دژی بەرژەوەندی کەسانێکە کەوا سەرپێچی دەکەن بە وەرگرتنی پارە لە هاوڵاتیان و فڕۆشتنی پێداویستی ئەنجام دەدەن لەناو نەخۆشخانە لەهەمان کاتدا لە سۆشیاڵ میدیا هەوڵ دەدەن بابەتەکە بشێوێنن بەئاڕاستەی مەرامی خۆیان ببەن.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەی هەرێمی کوردستان
30 ئەیلول 2023