زێدپرێس
هەردوو ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق؛ چرۆ حەمەشەریف و کاروان عەلی یاروەیس، ئەمڕۆ چوارشەم ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، نووسراوێکیان ئاڕاستەی داواکاری گشتی عێراق کرد و لە نووسراوەکەدا داوای لێپێچینەوە لە لێدوانی ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی (مەحما خەلیل) دەکەن.
مەحما خەلیل ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، فڕۆکەوانێکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بەخۆی و خێزانەکەیەوە و بە ئازادانە و بەبێ هیچ گرفت لە هەرێمی کوردستان دەژی.
لە نووسراوەکەدا، داوا لە داواکاری گشتی کراوە، کە پرسیار لە مەحما خەلیل بکرێت و زانیاری لەسەر ناو و ناونیشانی فڕۆکەوانەکە لێوەربگیرێت کە گوایە لە هەرێمی کوردستان دەژی بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بکرێت.