ئا: شکۆ شێرکۆ
لە ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، کەشتییە ئاسمانییەکەی پڕۆژەی ئۆسایرس-ڕێکسی (OSIRIS-REx) ناسا دەستکەوتێکی بەهادارتر لە گەوهەری بۆ سەر ڕووی زەوی هێنا. نموونەکە پێکهاتبوو لە ٢٥٠ گرام لە پێکهاتەکانی بێنوو، کە بەرد و خۆڵی ڕووی نەیزەکەکە پێک دەهێنن.
ئەوە یەکەمین پڕۆژەی ناسایە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ نموونە لە نەیزەکێک کۆبکاتەوە و بیهێنێتەوە، هەروەها بە قەبارە، گەورەترین نموونەیە تاکوو ئێستا هێنرابێتەوە سەر زەوی.
بە گوتەی د. سارا کراوزەر، کە توێژەرێکی زانستەکانی ژینگە و زەوییە، لێکۆڵینەوە و تاقیکردنەوە لە نموونەکە نزیکترمان دەکاتەوە لە هەڵهێنانی مەتەڵە گەردوونییەکان و وا دەکات باشتر لە مێژوو و سەرچاوەی کۆمەڵەی خۆر تێبگەین.
گرنگی ئەو نموونە نەیزەکییە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی دی لەوەدایە، کە بە دیاریکراوی دەزانرێت لە چ نەیزەکێکەوە هاتووە و پێکهاتەکەش بێخەوشە، نەکەوتووەتە ژێر کاریگەریی بەرگەهەوای زەوی. لە کاتێکدا، ئەو نەیزەکانەی خۆیان کەوتوونەتە ڕووی زەوی بە خێراییەکی زۆر هاتوون، لە ئەنجامدا گەرم داهاتوون، هەروەها ماوەیەکی زۆر ڕەنگە لە ڕووی زەوی مابێتنەوە بەر لە دۆزینەوەیان، بەمەش پێکهاتەکانیان لەژێر کاریگەری کەشوهەوا و ژینگە گۆڕاوە.
نەیزەکی بێنوو هەر چەند ساڵێک بە نزیک زەویدا تێپەڕ دەبێت، ئەگەرێکی زۆر کەم هەیە لە سەدەی داهاتوو بەر زەوی بکەوێت. تێگەیشتن لە پێکهاتەی نەیزەکەکە دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە ئامادەباشی لە ئەگەری بەرکەوتنی.
کەشتییە ئاسمانییەکە لەگەڵ گەیشتنی بە بەرگەهەوای زەوی، نموونەکەی لەناو کەپسوولێک بە پەڕەشووت فڕێدایە ڕووی زەوی. کەپسوولەکە لە ویلایەتی یووتای ئەمریکا نیشتەوە، لەوێشەوە بردرا بۆ ناوەندی ئاسمانی جۆنسنی ناسا. بڕیارە لەوێشەوە، ٢٥٪ نموونەکە دابەش بکرێت بەسەر ٢٠٠ زانا و توێژەری ئەندام لە دامەزراوە جیهانییەکان، کە لە دوو ساڵی داهاتوو لە مێژوو، پێکهاتە و پێشینەکانی نەیزەکەکە دەکۆڵنەوە.
لە بەرنامەدایە، کەشتییە ئاسمانییەکەی ئۆسایرس-ڕێکس لە پڕۆژەیەکی نوێدا، دەست بە گەشتێکی دی بکات بۆ سەر نەیزەکی ئەپۆفیس، کە گەیشتن پێی شەش ساڵی پێدەچێت. تاوەکوو ئەو کاتە، نموونەکەی بێنوو پەنجەرەیەک بۆ زانایان دەکاتەوە بۆ بینینی ساتی دروستبوونی “کۆمەڵەی خۆر”مان و هەڵهێنجانی مەتەڵەکانی پێوەست بە سەرچاوەکان.