Site icon Zed Press

حزبی شیوعی کوردستان: لایەنگری گەلی فەڵەستینین

زێدپرێس

 

حزبی شیوعی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، شەڕ و توندوتژییەکانی پێوەست بە فەڵەستین و بۆردمانەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەرئەنجامی چارەسەرنەکردنی ئاشتییانەی دۆزی گەلی کورد و گەلی فەڵەستینن. حزبەکە، داوای پێکهێنانی ناوچەی دژەفڕین لە ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها لایەنگری خۆی بۆ گەلی فەڵەستین پاتە دەکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەبارەی بۆردمان و بارگرژییەکانی ئەمڕۆی ڕۆژئاوای کوردستان و بۆردمانکردنی کەمپی مەخمور و هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێم و پارتە ڕۆژهەڵات و هێرش و پەلامارەکانی حەماسی فەلەستینی بۆ سەر ئیسرائیل، سوبحی مەهدی، گوتەبێژی حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند:  بەداخێکی زۆرەوە، هەواڵی هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیامان بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆجێیی ڕۆژئاوای کوردستان و کەمپی مەخمور بیست، کە جگە لە زیانی گیانی بۆ هێزە چەکدارەکان، زیانی زۆری بە ناوچەکە و دامەزراوە مەدەنییەکان گەیاندووە و خەڵکی سڤیلی تێدا کراوەتە ئامانج.

ڕوونیکردەوە، ئەم هێرشانە، “هاوکاتە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران بۆ ناوچە سنورییەکان و هێزە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات”.

گوتەبێژەکەی حزبی شیوعی زیاتر دەڵێ “هێرش و پەلاماری چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل کە کوژراو و بریندار و زیانی مادی گەورەی لێکەوتۆتەوە و هاندەری ئیسرائیل بوو بۆ هێرشی پێچەوانە و گەیاندنی زیانی گەورەی ماددی و مرۆیی بەکەرتی غەزە و فەڵەستینییەکان.”

“ئەم کارانە دەرئەنجامی چارەسەرنەکردنی ئاشتییانەی هەردوو دۆزی کورد و فەڵەستینییەکانە لەلایەن دەوڵەتەکانی داگیرکەری کوردستان و فەڵەستینەوە”، گوتەبێژەکەی حزبی شیوعی وای گوت.

زیاتر دەڵێ “هەموو کارێکی توندوتیژی کاردانەوەی توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.”

لەو ڕوانگەیەشەوە دەڵێ “ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان، سەرکۆنەی هەموو توندوتیژییەک دەکەین، کە زیانمەندی سەرەکی دانیشتوان و دامەزراوە مەدەنییەکانن، داواکاری گرتنەبەری ڕێگای ئاشتی و دیالۆگی بەردەوامین لە چارەسەرکردنی هەموو کێشەکاندا، وەک چۆن خۆمان بە داکۆکیکاری مافەکانی گەلی کوردستان دەزانین لە هەموو پارچەکاندا، بەهەمان شێوە لایەنگری گەلی فەڵەستینین بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان”.

حزبی شیوعی کوردستان داوایش لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکاری جیهانی لە ئاشتی و دادپەروەری، دەکات “هەوڵەکانيان بخەنەگەڕ بۆ پارێزگاری لە مافی هەردوو گەلی کوردستان و فەڵەستین، و ڕێگری بکەن لە بارگرژی زیاتر و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان بکەن و هەوڵ بدەن بۆ پێکهێنانی ناوچەی دژە فڕین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان”.

Exit mobile version