زێدپرێس
ئەمڕۆ دووشەم ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، قوباد تاڵەبانی پێشوازیكرد لە كریستیانە هۆمان باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق و پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لێكرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەركەكەیدا لە عێراق، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ئەڵمانیا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە گرفت و بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ڕایگەیاند، “لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكان و نابێت هاووڵاتییانی هەرێم لەوە زیاتر لە دۆخی بێ بودجەیی و بێ مووچەییدا بمێنن”.
ڕاگەیەنراوەکە، ئاماژەی بەوە داوە، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوكارییەكانی حكوومەتی ئەڵمانیاشی كردووە بۆ هەرێمی كوردستان، “بە تایبەتیش ئەو پڕۆژانەی لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە ئامادەكراون، لەوانە هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و پڕۆژەكانی ڕیفۆرمی ئابووری و پڕۆژەی گەشتوكاڵ”.
هەروەها “باسی ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە كرا و سوپاسی حكوومەتی ئەڵمانیای كرد، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەموو قۆناغەكانی پڕۆسەكەدا یارمەتیدەری حكوومەتی هەرێم بووە”، ڕاگەیەنراوەکە وا دەڵێ.