Site icon Zed Press

کەمال کەرکووکی: خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەواشەکاری زۆریان کرد

زێدپرێس

 

کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەنگۆی لادانی لە پۆستەکەی بەدرۆدەخاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، “خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەواشەکاری زۆریان کرد”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هەریەک لە هێمن هەورامی و کەمال کەرکووکی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی، قسەیان بۆ میدیاکانی حزبەکەیان کرد.

هێمن هەورامی، دەنگۆ و هەواڵی ئەو میدیایانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن، کەمال کەرکووکی لە پۆستی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دوورخراوەتەوە.

هەورامی باسی لەوە کرد، کەمال کەرکووکی داوای مۆڵەتێکی کردبوو، کە بۆ چارەسەری خۆی و خێزانی بڕواتە دەرەوە، بەڵام مۆڵەتەکەی لەلایەن سەرکردایەتییەوە قبوڵ نەکراوە و پێش ئەوەیش بڕوات، ئەو دەنگۆ ساختەیان بڵاوکردووەتەوە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین کەناڵی میدیایی باسیان لەوە کردووە، کەمال کەرکووکی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و لیزا فەلەکەدین کاکەیی، یاریدەدەری، خراوەتە شوێنەکەی.

هێمن هەورامی گوتی “بەپێچەوانەی ئەو چەواشەکارییەی کراوە، کاک کەمال لە ئەرکی بەردەوامە. ئاسایی کە یەکێک مۆڵەت وەردەگرێت یاریدەدەرەکەی ئەرکەکەی لەئەستۆ دەگرێت، بەڵام بەرلەوەی ئەوە ببێت ئەو چەواشەکارییە بڵاوکراوەتەوە”.

هاوکات کەمال کەرکووکی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووك-گەرمیانی پارتی، ئاماژەی دا، “ئێمە هەموومان پێشمەرگەی شەخسی کاک مەسعوود بارزانین و ئەگەر کاک مەسعوود یەکێک سزایش بدات گەورەییە بۆ ئەو کەسە”، وەک ئاماژەیەک بەو هەواڵی ئەو میدیایانەی کە باسیان لەوە کردبوو، کەمال کەرکووکی لەلایەن مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سزادراوە و لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

کەرکووکی، گوتیشی “خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەواشەکاری زۆریان کرد”.

Exit mobile version