زێدپرێس
بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق و لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کراوە و وێنەیەکی دەست زێدپرێس کەوتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ١ی کانوونی دووەم تا ٢٥ی ئاداری ئەمساڵ کە لەڕێگای بۆڕییەوە نەوتی هەناردە کردووە، داهاتی دەستکەوتووی لە هەناردەی نەوت دوو ترلیۆن و ٩٣٥ ملیار و ٩٣٥ ملیۆن و ٧٢ هەزار و ٥٠٠ دیناری عێراقی بووە. لەو ژمارەیەدا، بڕی ترلیۆنێک و ٣٣٥ ملیار و ٧٨٨ ملیۆن دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری و بڕی ترلیۆنێک و ٦٠٠ ملیار دیناریش بۆ خەرج و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەگشتی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت خەرجکراوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ١ی کانوونی دووەم تا ٣٠ی حوزیرانی ئەمساڵ، بڕی ١٠ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار و ٥٢٤ بەرمیل نەوت بە پاڵاوگەکان فرۆشراوە و داهاتی دەستکەوتوو ٣٠٩ ملیار و ٩٦٧ ملیۆن و ٣٤٨ هەزار و ٢٣٨ دینار بووە.
ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە، لەماوەی ئەو شەش مانگەدا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کورداستان بڕی دوو ترلیۆن و ٧٤ ملیار و ٥٩٧ ملیۆن و ٦٠٣ هەزار دینار بووە.
هەروەها، لە ڕێککەوتی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بڕی ٤٠٠ ملیار دینار و لە ٢ی ئابیشدا بڕی ٥٩٨ ملیار دینار وەک شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدڕاڵی عێراقەوە وەرگیراوە.
لە مانگەکانی ئادار تا حوزەیرانی ئەمساڵ، بە پێنج جار بڕی یەک ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دینار بە قەرز بە حکوومەتی هەرێم دراوە، لە ڕێگای بانکەکانی ڕافیدەین، ڕەشید و بانکی بازرگانی عێراقەوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە خەرجی مانگانەی حکوومەتی هەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕی ٩١٣ ملیار و ٦٢٣ ملیۆن دیناری مانگانە بووە.
ئەو پارەیە دابەش دەبێت بەسەر ٦٨٢ هەزار و ١٤١ فەرمانبەری هەمیشەیی، ٢٦ هەزار و ٨٨٩ فەرمانبەری گرێبەست، ٢٤٥ هەزار و ١٠٤ خانەنشینی مەدەنی و سەربازی، ٧٦ هەزار و ٧٨٨ سوودمەندبووی چاودێری کۆمەڵایەتی و ٨٣ هەزار و ٤١٣ مووچەخۆری شەهیدان و ئەنفالکراوان و هەروەها زیندانیانی سیاسی.
ئەوە جگە لە خەرجییەکانی دیکەی وەبەرهێنان و بوارەکانی دیکەی بەگەڕخستن و تێچووی خزمەتگوزارییە گشتییەکان.