زێدپرێس
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە میانەی قسەکردن لەگەڵ ئاوات نوری جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، پێی ڕاگەیاندووە، کە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت.
لێدوانەکەی پشتیوان سادق، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی هات.
ئەوە لەکاتێکدایە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینار لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم دەستی پێکردووە.
حکوومەتی عێراق بڕیاریداوە تا کۆتایی ئەمساڵ، مانگانە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت و مووچەی مووچەخۆرانی لێ بدرێت و لە کۆتایی ساڵیشدا پاکتاوی دارایی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکرێت لەسەر ئەو بنەمایەی شایستە داراییەکانی خۆی چەندن و چەندیش پارەی وەرگرتووە.