زێدپرێس
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنی بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری ڕاگەیاند و لەماوەی هەفتەی داهاتوودا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ئاماژەیدا، کە کەمێک لەمەوبەر بڕی ٢٠٠ ملیار دینار لە لایەن بانکی ڕافیدەینەوە خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆژی شەممە، ٤ی تشرینی دووەم، بەو بڕەپارانەی گەیشتوون و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەم، ٩ی تشرینی دووەم کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دێت.