زێدپرێس
دوای ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەی لەلایەن بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، ٢٥٠ ملیاری دیکە لە بانکی ڕەشیدەوە گەیشت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ٢٥٠ ملیار دیناری دیکە لە ڕێگای بانکی ڕەشیدەوە گەیشتووەە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، دوای ئەوە دێت، کە هەر ئەمڕۆ پێنجشەم، وەزارەتەکە گەیشتنی بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری لە ڕێگەی بانکی ڕافیدەینەوە بۆ سەر هەژماری خۆی ڕاگەیاندبوو.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاندووە، پاڵپشت بەو بڕە پارانە و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، لە هەفتەی داهاتوو مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت؛ پڕۆسەکە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێدەکات و لە ڕۆژی پێنجشەم کۆتایی دێت.