زێدپرێس
محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاندووە، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، سبەی یەکشەم، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دەچنەوە کەرکووک و بارەگاکانیان وەردەگرنەوە.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەش کردووە، یەکەمجار بارەگای لقی سێ و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیان وەردەگرنەوە، بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی وەک پێشتر بڕیاریان لەسەرداوە، پێشکەشی زانکۆی کەرکووک دەکەن و کار و چالاکییەکانیان لە بارەگای لقی سێ بەڕێوەدەبەن.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، پارتی کەرکووکی جێهێشتووە و دەستبەسەر بارەگاکانیدا گیراوە. لەماوەی ڕابردوو، کاتێک بڕیاردرا بارەگاکانیان ڕادەست بکرێتەوە، ژمارەیەک عەرەب و تورکمان دەستیان بە گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین کرد و خێمەیان لەبەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەکە لە شاری کەرکووک هەڵدا.
گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک، لەکاتێکدا دێت کە ئێستا حزبەکە چووەتە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و لیستێکی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پێکهێناوە.