Site icon Zed Press

مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی بەهۆی سووکایەتیکردن بە کچە پەیامنێرێک سزا دەدرێت

زێدپرێس

 

زانكۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، وشه‌ نه‌شیاوه‌كانی ئه‌و مامۆستایه‌ی به‌رانبه‌ر به‌ كچه‌ ڕۆژنامه‌نوسێك به‌كاریهێنا، ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكایه‌تی زانكۆکە لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مامۆستایه‌ پێكهێناوه‌ و دەڵێ “سزای خۆی وه‌رده‌گرێت”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو مامۆستایە بڵاوکردەوە، کە لە خۆپیشاندانەکەی دوێنێی ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی، وشەی نەشیاوی بەرانبەر بە کچە پەیامنێرێک بەکارهێنا و سووکایەتی پێکرد، لەکاتێکدا پەیامنێرەکە سەرقاڵی گەیاندنی دەنگ و پەیامی مامۆستایانی خۆپیشاندەر و ناڕازی بوو، مامۆستاکەیش لەڕیزی خۆپیشاندەران بوو.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

 

به‌ڕێزان سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌نوسان

ئێمه‌ وه‌ك راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی كه‌ خۆمان راگه‌یاندنكارین و له‌هه‌مانكاتیشدا كاری راگه‌یاندن ده‌كه‌ین و پسپۆڕی بواره‌كه‌شین، له‌م روانگه‌یه‌وه‌ رێزێكی تایبه‌ت له‌راگه‌یاندنكاران و پیشه‌كه‌یان ده‌گرین و به‌رده‌وام هه‌وڵمان داوه‌ هاوكارێكی باشی بین بۆیان و وابكه‌ین كه‌ به‌شێك له‌كارو چالاكییه‌كانمان به‌بێ جیاوازی له‌ده‌زگاكانی راگه‌یاندنه‌وه‌ بڵاو بكرێنه‌وه‌و راگه‌یاندنه‌كان ببنه‌ گه‌یه‌نه‌ری ده‌نگمان.

 

بۆیه‌ وه‌ك راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی به‌هه‌موو لایه‌كی راده‌گه‌یه‌نین، وشه‌ نه‌شیاوه‌كانی ئه‌و مامۆستایه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كچه‌ رۆژنامه‌نوسێك به‌كارهێنا، ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌گونجاوی ده‌زانین و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆكایه‌تی زانكۆمان لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و مامۆستایه‌ پێكهیناوه‌و سزای خۆی وه‌رده‌گرێت .

 

رۆژنامه‌نوسانی ئازیزی سلێمانیش ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، وشه‌كانی ئه‌و مامۆستایه‌ گوزارشت ته‌نها له‌ بۆچوونی خۆی ده‌كات نه‌ك زانكۆی سلێمانی، كه‌ پێده‌چێت له‌ توڕه‌بووندا ئه‌و وتانه‌ی وتبێت، بۆیه‌ جارێكی دیكه‌ ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ راگه‌یاندن به‌ یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ پایه‌ گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌تداری ده‌زانین و میدكاران و رۆژنامه‌نوسانیش كه‌ هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌ پیرۆزه‌ن رێزیان لێده‌گرین.

 

راگه‌یاندنی زانكۆی سلێمانی

٦/١١/٢٠٢٣

Exit mobile version