زێدپرێس
دەقی ڕاگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان
ئه‌مڕۆ، سێشەممە 7ی 11ی 2023، له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له پیرمام، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌نجامدرا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی هەرێمى کوردستان و عێراق بەتایبەتى و، ڕەوشى هەستیارى ناوچەکە بە گشتى گفتوگۆیان له باره‌وه كرا.
هه‌ردوولا جەختیان لەسەر هەماهەنگى و پێکەوەکارکردن و، پێویستى كۆكردنه‌وه‌ی هێز و تواناى سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و، داڕشتنى ستراتیژیەتێکى هاوبەش کە گونجاوبێت لەگەڵ ڕەوتى ڕووداو و گۆڕانکارییەکانى قۆناغه‌كه و، ڕوبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییەکان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەهێزکردنى خاڵە هاوبەشەکان و چارەسەرکردنى گیر و گرفتەکان بە ئاراستەى بەرژەوەندییە نەتەوەیى و نیشتیمانییەکانى کورستان.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جه‌خت له پاڵپشتیكردنی هەنگاوەکانى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کرایەوە بۆ دابینكردنی شایسته داراییه‌كان و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى دەستوورى هەمیشەى عێراقدا.
لە کۆتاییدا، بڕیاردرا کۆبوونەوەکان بەردەوامیان هەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئالیەتێکى گونجاو دیاری‌کرا. شایەنى ئاماژەیە کۆبوونەوەکە لە کەشێکى ئارام و ئیجابیدا بەڕێوەچوو.
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣