Site icon Zed Press

مەسرور بارزانی: پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا بکرێت

زێدپرێس

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێداگیری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دەکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، پێشوازییان لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کردووە.

“دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە و  چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم  و حکوومەتی فیدڕاڵ و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنەمان تاوتوێ کرد”، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وا دەڵێ.

مەسرور بارزانی، کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئاماژەی بە کۆبوونەوەکە کردووە، زیاتر نووسیویەتی “هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و دوورخستنەوەی لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتی هێزەکانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق”.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەیاندا، باسیان لە “پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و ئامادەکارییەکان لەمبارەیەوە” کردووە.

لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، ڕۆژی ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٣ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشانکراوە.

ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو پارتە حوکمڕانە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان؛ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گومان و پرسیاری لەسەر ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا درووستکردووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، سکاڵایەکی لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تۆمار کردووە، لەمەڕ چەند ماددەیەکی هەموارکراوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەدیاریکراوی پێوەست بە سیستەمی هەڵبژاردن کە لە فرەبازنەییەوە بۆ یەک بازنەیی هەموارکراوەتەوە و هەروەها کورسی کۆتاکان، کە لە کۆتا هەمواری یاساکەدا، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان و کورسییەک بۆ ئەرمەن زیادکراوە.

لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوە، چەندین جار سکاڵاکە خراوەتە کارنامەی دانیشتنەکانەوە، بەڵام هەموو جارێک دواخراوە.

پاش ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لەسەر نادەستورییبوونی بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد، هەرێمی کوردستان کەوتە ناو بۆشاییەکی یاساییەوە. لەکاتێکدا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا نەکرا و لە بەرانبەردا پەرلەمان بە بڕیارێک تەمەنی خولی پێنجەمی درێژکردەوە، بەڵام بڕیارەکە لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە بە نادەستوری لەقەڵەمدرا و کۆتایی بە خولە درێژکراوەکەی پەرلەمان هێنرا.

Exit mobile version