زێدپرێس
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ئەمڕۆ چوارشەممە 11/15، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی گفتوگۆی هاوبەشی نێوان وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێم لە ڕۆژانی 12-13 /11 سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆک وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
سەرەتا سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم و شاندی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیى جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی فیدراڵ کە ماوەی چەند ڕۆژێک لە هەولێر بوون، خستەڕوو.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەست پێ بکاتەوە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیش پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە.
دواتر ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پێشوازی و پشتیوانیکردن لە بەڕێوەچوونی ئەرێنی دانووستانەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە ئەم پرۆسەیە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان دەکات و بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیان لە گەنجینەی گشتی کەوتووە، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی دەستوور لە هەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن.
پاشان لە بڕگەی دووەمدا، پێشنیاری چەند وەزارەتێک سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیان خرایەڕوو، کە ڕێژەیەک لە داهاتەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەزارەتەکانیان و خزمەتگوزارییەکان بەکاردەهێنرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پەرەپێدان و ڕێکخستنەوەی سیستمی دارایی و ژمێریاری لە هەرێم کردەوە، بەجۆرێک کە ببێتە مایەی باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکانی خەرجی دوور لە بیرۆکراتی و ڕووتین، هەروەها گرنگیی پەرەپێدانی بە دیجیتاڵکردنی مامەڵە و خزمەتگوزارییەکان بە ئاراستەی پێشکەشکردنی ئاسانکاری و دەستکردنەوە و توانادارکردنی دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لەو ڕێژە داهاتی گەڕاوەی وەزارەتەکانیان، لە چوارچێوەی سیستمێکی دارایی و ژمێریاریی پێشکەوتوو، هەر لەم پێناوەشدا، وەزارەتەکان ڕاسپێردران کە هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی وئابووری بکەن.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بۆردی باڵای دارایی گشتی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست سەبارەت بە بڕیاری ژمارە 219ی ئەنجومەنی وەزیران بگرنەبەر، هەروەها پێویستە مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیيەکان بە بێ دواکەوتن ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت تاکوو دواتر حکومەتی فیدراڵی لێ ئاگاداربکرێتەوە بۆ خەرجکردنی شایستەی دارایی مانگانەی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا بابەتی داواکاری ئەو فەرمانبەرانەی کە بە بێ مۆڵەتی خوێندن، بڕوانامەیان بەدەستهێناوە و تا ئێستا بڕوانامەکانیان بۆ هەموارنەکراوەتەوە، لەلایەن ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیره پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێم بۆ هاندانی فەرمانبەران بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا و برەودان بە بەرزکردنەوەی توانای پیشەیی و ئەکادیمیی کارمەندانی کەرتی گشتی بە پێی پلانی پەسەندکراوی وەزارەتەکان، بڕیاریشی دا کە لیژنەیەکی تایبەتمەند لە سەرۆکایەتيی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێت، بۆ پۆڵێنکردن و هەڵسەنگاندنی حاڵەتەکانی ئەو بڕوانامانەی کە بە بێ مۆڵەتی خوێندن بەدەست هاتوون، بۆ ئەوەی لە ڕووی زانستی و کارگێڕی و دارایی و یاساییەوە هەڵبسەنگێندرێن ، و دواتر ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکە بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران تاکوو بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت.