زێدپرێس
بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیدا، لەئەنجامی کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریای سپى ناوەڕاست لە سەر هەرێمى کوردستان، پێشبینى دەکرێت، سبەی یەکشەم بارانبارین لەسەر تەواوى ناوچەکە بەشێوەى مامناوەند دەست پێ بکات، لەکاتەکانی شەوى یەکشەم لەسەر دووشەم کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى ئاماژە پێکراو قوڵتر دەبێتەوە و ڕێژەى دابارینەکە زیاد دەکات و هەندێک جار هەورە تریشقەى لەگەڵ دادەبێت.
بەپێی پشبینییەکان، خێرایی باش چالاک دەبێت بۆ سەرووى ٣٥کم/ک، سەرەتا لە سنورى پارێزگاى دهۆک دەست پێ دەکات، پاشان کاریگەرییەکەى درێژ دەبێتەوە بۆ سنورى پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و تەواوى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان.
هەر بەپێی پێشبینییەکانی کەشوهەوا، لە بەرەبەیانى ڕۆژى دووشەم لەگەڵ بەهێزبوون و چالاکبوونى کاریگەرى ئەم شەپۆڵە، باران بەشێوەى لێزمە دەبێت و ئەگەرى بەرزبوونەوەى ئاستی ئاو هەیە لە هەندێک ناوچەکانى هەرێمى کوردستان وەکوو ئامێدى، چەمانکێ ، شیلادزێ، سەنتەرى پارێزگاى هەولێر، بەحرکە، خەبات، هیران، قوشتەپە، چەمچەماڵ، دەربەندیخان، مەیدان.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەدوای نیوەڕۆى ڕۆژى دووشەممەوە، بارانبارین مامناوەند دەبێت و بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان دەبارێت و پلەکانى گەرما بەشێوەیەکى بەرچاو دادەبەزێت کە لەنێوان (٥ – ٨) پلەى سیلیزى. کاریگەرى ئەم نزمە پاڵەپەستۆیە تا ئێوارەى ڕۆژى سێشەم بەردەوامى هەیە و باران بەشێوەى پچڕ پچڕ دەبێت.