زێدپرێس
ئەمڕۆ دووشەم، ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS)، وتارێکی پێشکەش کرد. لە وتارەکەیدا، باسی لە دۆخی ئێستای ناوچەکە و ئاڵنگارییەکان کرد.
سەرۆکی هەرێم، لە بەشێکی وتارەکەی هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندی و گرفتەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و لەو چوارچێوەیەشدا، داوای پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەروەها خێرایی لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کرد.
نێچیرڤان بارزانی، پێداگیری لەسەر پابەندبوون بە ناوەڕۆکی دەستوری عێراق کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەروەک گەڕانەوە بۆ بنەماکانی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی کە بە بنەمای بونیادنانەوەی عێراقی دوای ٢٠٠٣، پێناسەی کرد.
ئەمە دەقی وتارەکەیە:
به‌یانیتان باش..
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن..
به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م، ئه‌و میوانه به‌ڕێزانه‌ی كه له ده‌ره‌وه ته‌شریفیان هێناوه، ئه‌وانه‌ی كه له به‌غدا ته‌شریفیان هێناوه، ئه‌و پارێزگارانه‌ی كه له شوێنه‌كانی دیکەی عێراقەوە ته‌شریفیان هێناوه، هه‌موولایه‌كتان به خێر بێن.
ده‌مه‌وێ به‌خێرهاتنێكی تایبه‌تیی كاكه بافڵ تاڵەبانی بكه‌م، خۆشحاڵین كه ئه‌مساڵ ئه‌ویش له دهۆك له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شداره، زۆر به خێر بێی، سه‌رچاو. هه‌روه‌ك هه‌موولایه‌ك ئاگادارن ئێمه له ماوه‌ی ڕابردوو چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان كردووه، كۆبوونه‌وه‌كانمان زۆر باش بوون، كاك بافڵ و كاكه قوباد و به‌نده و كاك مه‌سروور و خاڵ هۆشیاریش له‌گه‌ڵمان بوو، كۆبوونه‌وه‌كانمان باش بوو، په‌نا به خوا و بەو هیوایەی له ئاینده‌شدا ئه‌م كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام بكه‌ین و بگه‌ین به لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. هه‌موولایه‌كتان به خێر بێن و هیوادارم كاتێكی خۆش و به‌سوود له دهۆك به‌سه‌ر به‌رن.
ده‌ستخۆشى له زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان ده‌كه‌م كه ساڵانه ئه‌م كۆڕبەندە ڕێكده‌خات و لەم کاتە گرنگەدا گفتوگۆ لەسەر چه‌ندين بايهتى گرنگ ده‌ربارەی ئاشتى و ئاساييش له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و عێراق و هه‌رێمى كوردستان ساز ده‌كات. دەستخۆشییەکی تایبەت لە بەڕێز کاک مەسروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەکەم بۆ ئه‌م كاره گرنگه‌ی كه له ڕۆژی یه‌كه‌مه‌وه له دهۆك كردوویه‌تی به دامه‌زراندنی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له دهۆك و ئه‌م كۆڕبه‌نده، زۆر سوپاس.
بەڕێزان..
ئه‌مساڵ كۆڕبەندەکە هاوكاته له‌گه‌ڵ ئاڵۆزییه‌كى مه‌ترسيدارى دۆخى ناوچه‌كه‌دا كه هه‌ڕه‌شه له ئارامى و سهقامگيريى ئەم ناوچه‌یه و جیهانیش دەکات. ئەم دۆخە هەموو جیهانی خستووەتە ئاڵۆزییەکی گەورەوە. ئاسايش و سه‌قامگيرى و ئابووريى جيهان پێكه‌وه به‌ستراوه و ڕووداوه‌كان له هه‌ر كوێ بن، به ئاستى خۆيان كاريگه‌رييان به‌سه‌ر دۆخى جيهانه‌وه هه‌يه. شەڕی ئیسرائیل و حەماس جارێکی دیکە ئەو ڕاستییەی سەلماند کە ئاسایشی جیهانی، چەمکێکی واتادار و ڕاستەقینەیە.
بهرفرەوانبوونى شه‌ڕى ئیسڕائيل و حه‌ماس، تێوه‌گلانى زياترى هێزه‌كانى ناوچه‌كه و جيهان له كێشه‌كه‌دا، دۆخه‌كه سه‌ختتر و ترسناكتریش ده‌كات. لێكه‌وته‌كانى له‌سه‌ر ناوچه‌كه و له‌سه‌ر جيهانيش به‌گشتى، خراپتر و درێژخايه‌ن ده‌بن.
له دۆخێكى ئاوادا، ئێمه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ له هه‌موو كاتێك زياتر، به‌وپه‌ڕى وشيارييه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ين. هه‌ر چۆنێك بێت، به هيچ پاساوێك نابێ ڕێگه بده‌ين عێراق بخزێته ناو ئەم شەڕە و كێشه و ئاڵۆزيى زیاترەوە، چونكه زيانێكى زۆرى لێ ده‌دات.
عێراق ده‌بێ سه‌قامگير بێت، بۆ ئه‌وه‌ى پێشبكه‌وێت. ئێستا کاتی ئەوەیە بیر لەوە بکەینەوە عێراق بکەینە گۆڕەپانی چارەسەری کێشەکانی خەڵکی عێراق، نەک گۆڕەپانی درێژکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزييەکان له ناوچەکە.
سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى شه‌ڕ له‌نێوان حه‌ماس و ئیسطائيل، ڕاستييه‌كى ساده‌ى سه‌لماند، ئه‌ويش ئه‌وه‌يه: كێشه‌كان به دواخستن و كپكردن چاره‌سه‌ر ناكرێن، به‌ڵكوو گه‌وره‌تر ده‌بن و ڕۆژێك خراپتر ده‌ته‌قێته‌وه. هێز و شه‌ڕ و توندوتيژى، هيچ كێشهيهك چاره‌سه‌ر ناكات. ڕه‌نگه له كات و بارودۆخێكدا بۆ ماوه‌يه‌ك كپ و بێده‌نگيان بكات، به‌ڵام كێشەکان قووڵتر دەکاتەوە. ڕێگەی ڕاست ئاشتییە، ئازایەتيی ڕاستەقینەش، چارەسەرکردنی کێشەکانە.
شه‌ڕ جگە لە په‌ره‌سه‌ندنى بير‌ى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و توندوتيژى و وێرانکاری، هيچى ديكه‌ى لێناكه‌وێته‌وه، ئه‌وکاتیش هه‌مووان ده‌بێ باجى گه‌وره بده‌ن، ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا له ناوچه‌كه‌دا ڕووده‌دات و ئه‌گه‌ر ڕێگرى لێ نه‌كرێت، خراپتر و گه‌وره‌تریش ده‌بێت.
چاره‌سه‌رى دوو ده‌وڵه‌ت وه‌ك له بڕياره نێودهوڵهتييهكاندا هاتووه، كه مافى بوون و ئاشتى بۆ هه‌ردوولا مسۆگه‌ر بكات، تاقه ڕێگه‌ى نەمانی ئاڵۆزييهكان و كۆتاييهێنانه به كێشه‌كان. چه‌ندين ده‌يه له شه‌ڕ و پێكدادان تێپەڕین، چەندین دەیەی دیکەش لە خوێن و وێرانکاری هیچ ئەنجامێکی نابێت نه بۆ فەڵەستین و نه بۆ ئیسڕائیل. چارەسەر، ئازایەتى و ئيراده‌ى جدييه بۆ ئاشتی.
ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو جیهان هەوڵ بدات ئەم شەڕە ڕابگیرێت. کوشتن و تێكدانی ژیانی خەڵکی مەدەنی له غه‌ززه کۆتایی پێبهێندرێت، دیل و بارمتە مەدەنییەکان ئازاد بکرێن. دوای ئەوەش چارەسەری بنەڕەتيی کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل جێبەجێ بکرێت لەسەر بنچینەی دوو دەوڵەت. ئه‌گينا دووباره‌كردنه‌وه‌ى مێژوو، هه‌ر هه‌مان ئه‌نجامى ئێستای دەبێت و ديسان له‌ناكاو به‌يانييه‌ك له‌گه‌ڵ ئاڵۆزبوونێكى خراپترى دۆخه‌كه‌دا، به ئاگا دێينه‌وه.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز…
له عێراق، بيست ساڵى ئه‌زموونى ئازادیی عێراق، ده‌كرا زۆر باشتر بووايه ئه‌گه‌ر ده‌ستوور وه‌ك خۆى جێبه‌جێ بكرابووایە و فيدراڵى كه سیسته‌می عێراقه و گه‌لی عێراق ده‌نگی بۆ داوه جێ‌گير بكرابا. جێبه‌جێنه‌كردنى سيستمى فيدراڵى، پابه‌ندنەبوون به ده‌ستووره‌وه، زۆر كێشه و ناكۆكيى سياسى هێناوه‌ته ئاراوه و ناسەقامگیریی هەمەلایەنەی له عێراق درووستکردووە. وایکردووە کە سەقامگیريی عێراق، هەمیشە بە لەرزۆک ببینرێت.
چارەسەر گهڕانهوەیە بۆ بنه‌ماكانى (هاوبه‌شى، سازان، هاوسه‌نگى) كه عێراقى نوێ له‌سه‌ری دامه‌زراوه و ڕۆحی نووسینه‌وه‌ی دەستووری عێراقه. دەستەبژێری سیاسيی عێراق دەبێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێگەیە. زۆر پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراق هاوکار بن بۆ دانانی ئەو یاسایانەی دەستوور داوایان کردووه، هەروەها هاوکاريی حکوومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت بن بۆ جێبەجێکردنی دەستوور.
سيستمى فيدراڵى، بنه‌ماى دەستووری عێراقە، فیدراڵی دەتوانێت یەکسانی و هاوبەشییەکی تەواو بۆ هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی عێراق دابین بکات. خەڵکی عێراق بەو هاوبەشییە لەڕووی ئابوورییەوە پێشدەکەوێت و لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە یەکگرتوو دەبێت. هەر ئەمەشه نه‌خشه‌ڕێگه‌ى دروستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له عێراق. ڕه‌فتاركردن و بيركردنه‌وه به پێوه‌ر و لۆژيكى هێز، هيچ ده‌ردێكى عێراق ده‌رمان ناكات، به‌ڵكوو كێشه‌كان له‌م وڵاته ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر ده‌كات.
عێراق بۆ ئه‌وه‌ى سه‌قامگير و پارێزراو بێت، بۆ ئه‌وه‌ى پێشبكه‌وێت و شوێنى شايسته‌ى خۆى له ناوچه‌كه و له جيهاندا بگرێت، ده‌بێ بێ جياوازى، وڵاتى هه‌موو پێكهاته‌كان بێت، مافى هيچ پێكهاته‌يه‌ك زه‌وت و پێشێل نه‌كرێت. هيچ پێكهاته‌يه‌ك به هيچ شێوه‌يه‌ك له عێراق نابێت په‌راوێز بخرێت. عێراق به پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی بەهێز دەبێت، بە جیاکاری و ناکۆکيی نێوان پێکهاتەکانی، لاواز دەبێ و دوادەکەوێت.
ده‌بێ هه‌موو پێكهاته‌كان هاوبه‌ش و به‌شدار بن له بڕيارى سياسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵات‌دا. هيچ پێكهاته و هاووڵاتييه‌كى عێراق، له هه‌ر ئايين و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌يه‌ك بێت، هەست بە سته‌ملێکردن و جیاکاری و جیاوازی نەکات، بەڵکوو هه‌ست بكه‌ن هه‌موويان وه‌ك يه‌ك، خاوەنی ئەم دەوڵەتەن.
ئه‌گه‌ر دەستەبژێری سیاسيی عێراق، لایەنە سیاسییەکانی عێراق کار بە ڕۆح و نێوەڕۆکی دەستووری عێراق بکەن، چاره‌سه‌رى كێشه‌كان ئاسانه. كێشه‌كان هێنده مه‌حاڵ نين كه چاره‌سه‌ر نه‌كرێن. مه‌سه‌له‌كه ته‌نيا بيركردنه‌وه‌يه. ئه‌گه‌ر به دروستى بير بكه‌ينه‌وه، بير له له‌یه‌كتێگه‌یشتن بۆ هاوبه‌شى و پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه بكه‌ينه‌وه، ئه‌گه‌ر وڵات و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى بخه‌ينه سه‌رووى هه‌موو پێناسه و شتێكى ديكه‌وه، ئه‌وکات ده‌بينين چاره‌سه‌ركردنى هه‌موو كێشه‌كان ئاسان ده‌بێت.
له دۆخى ئاڵۆزى ئێستاى ناوچه‌كەدا، ئێمه له عێراق ده‌بێ زۆر به دانايى و وشيارانه ڕه‌فتار بكه‌ين. بۆ ئه‌وه‌ى عێراق بتوانێت ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئاڵنگارييهكان ببێته‌وه، ده‌بێ كێشه‌كانى خۆى چاره‌سه‌ر بكات. ئێستا پاراستنى سهقامگيريى سياسى له عێراق له هه‌موو كاتێك زياتر پێويسته. عێراق هێشتا به ده‌ست لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕى داعشه‌وه ده‌ناڵێنێت، هێشتا كێشه‌ى ئابوورى و خزمه‌تگوزارى هه‌يه، پێويستى به سه‌قامگيرى و حهسانهوهيه. هه‌ر هه‌نگاوێك سهقامگيريى سياسيى وڵات لاواز بكات، ژیانی خەڵکی عێراق تێکدەدات.
به‌ڕێزان..
ئێمه پێمانوايه كليلى سهقامگيريى عێراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵیی عێراق. ده‌ستووری عێراق نەخشەڕێگەیەکی زۆر ڕوونی چارەسەری کێشەکان داناوه. تەنیا پێویستیمان بە ئیرادەیەکی سیاسییە بۆ چارەسەری کێشەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە.
هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه به‌پێى ده‌ستوور و به لهیهكترتێگهیشتنی هاوبه‌ش، كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات. چاره‌سه‌رێك له به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى وڵات‌دا بێت و مافه دهستوورييهكانى هه‌مووان مسۆگه‌ر بكات. ڕاستە هێشتا چارەسەر نییە، بەڵام بەردەوامبوونی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردن لەنێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵیی عێراق، کارێکی زۆر گرنگە.
بێگومان ئه‌نجامه‌كانى گفتوگۆ تا ئێستا له ئاستى خواست و چاوه‌ڕوانييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا نين، به‌ڵام پێمانوايه بەردەوامبوونی گفتوگۆیەکان تاکە ڕێگه‌ى ڕاستە بۆ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه هه‌یه. ئێمە كۆڵ ناده‌ين و به‌رده‌وام ده‌بين بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان. لەوبارەشەوە بە پێزانينه‌وه لە هەوڵ و کاری بەڕێز محه‌ممه‌د شياع سوودانى سەرۆک وەزیرانی عێراقى فيدراڵى دەڕوانین. لەلای ئێمەوە بە تەواوه‌تی پشتیوانی لێدەکرێت.
به‌رێزان، فەرمانبەران، خانەنشینان و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپ‌دا دەژین. خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانییە بۆ حکوومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراقدا. قه‌يرانى دارايى و گوشار له‌سه‌ر ژيانى خه‌ڵك له هه‌رێمى كوردستان، دەتوانرێت بە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە زوویی چارەسەر بکرێت. کارێکی زۆر پێویستە بە خێرایی ئەوە بکرێت بۆ ئەوەی ئەم دڵەڕاوکێیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە کۆتایی پێبهێندرێت، چونکە کاریکردووەتە سەر ژیان و کار و بازاڕی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان.
پێويسته په‌له بكرێت له نه‌هێشتنى به‌ربه‌سته‌كان بۆ دهسپێكردنهوهى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان. ڕاگرتنى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، چەندین مليار دۆلار زيانى به داهاتى گشتيى عێراق و ئابووريى وڵات گه‌ياندووه و هيچ سوودێكى بۆ عێراق تێدا نييه كه به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت.
به‌ڕێزان..
له‌م دۆخه ئاڵۆزه‌ى ناوچه‌كه‌دا، له هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێ خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و تێگه‌يشتنى دروستمان بۆ پێشهاته‌كان و ئه‌گه‌رى لێكه‌وته‌كانى هه‌بێت. ئه‌ركى له‌پێشينه‌ى هه‌موو لايه‌نه سياسييهكانە، تهبايى و يهكڕيزى و لەیهكترتێگهیشتن دروست بکەن. بۆ ئه‌مه‌ش به پله‌ى يه‌كه‌م ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تی ده‌كه‌وێته سه‌ر شانى پارتى و يه‌كێتى كه بگه‌نه لێكتێگه‌يشتنى هاوبه‌ش و كێشه و ناكۆكييهكان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. کۆبوونەوەكانی ڕابردوومان کۆبوونەوه‌ی باش بوون، زۆر پێویستە ئه‌و کۆبوونەوانه بەردەوام بن.
هيچ كێشهيهك هێنده ئاڵۆز نییه له‌نێوان پارتى و يه‌كێتى و لايه‌نه‌كاندا كه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت. مه‌ترسى و ئاڵنگارييهكان كه ڕووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان ده‌بنه‌وه، له هه‌موو كێشه‌كان گه‌وره‌ترن و تاكه ڕێگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌يان، ته‌نيا لێكتێگه‌يشتن، هاوبەشی و هاوکارییە.
لايه‌نه سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان لێره و له به‌غدا ته‌نيا به يه‌كده‌نگى لەسەر بەرژەوەندییە گشتی و باڵاکانی هه‌رێم، ده‌توانن ژیان و گوزەرانی خەڵک باش بکەن و پارێزگارى له ده‌ستكه‌وت و مافەکانی خەڵکی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن كه له‌م ڕێگه‌یه‌دا هه‌زاران شه‌هید و قوربانییان داوه بۆ گه‌یشتن به‌م ڕۆژه. بۆيه ئێستا كوردستانييان به هه‌موو پێكهاتهكانييهوه له هه‌موو كاتێك زياتر چاويان لهوهيه لايه‌نه سياسييه‌كان يه‌كڕيز و ته‌با بن. هه‌ر ئه‌وه‌ش گه‌ره‌نتيى پاراستنى ده‌سكه‌وته ده‌ستوورييه‌كانمان و قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستانه.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
وه‌ك له باسه‌كانى ديبه‌يت و گفتوگۆکانى ئه‌م كۆڕبەندەدا هاتووه، ئێمه له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، جگه له ئاڵنگارييه سياسى و ئه‌منى و ئابووری، له‌گه‌ڵ لێكه‌وته‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌واش ڕووبه‌ڕوو ده‌بينه‌وه. ئه‌مه به ڕاستى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جدديه و پلان و كارى زۆری پێویستە بۆ ئه‌وه‌ى كاريگه‌رييه خراپه‌كانى له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچه‌كه كه‌م بكه‌ینه‌وه.
ده‌بێ ئه‌م بابه‌ته زۆر به جددى وه‌ربگيرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه ده‌بێ له‌نێوان خۆيان و له‌گه‌ڵ وڵاتانى جيهانيشدا، هاريكارى و هاوبهشیيان هەبێت. هيوادارین باس و ديبه‌يت و گفتوگۆكانى ئه‌م كۆڕبەندە يارمه‌تيده‌ر بن بۆ ده‌ستنيشانكردنى ڕێگه و شێوازه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌م مه‌ترسييه.
هه‌روه‌ها بابه‌تى ژيريى ده‌ستكرد كه باسێكى ديكه‌ى كۆڕبەندەکەیە و باسێكى گه‌رمى ناوه‌نده زانستى و تهكنهلۆژييهكانى جيهانيشه، بابه‌تێكى جددى و گرنگه. زۆر کارێکی باشە زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستان و زانكۆكانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، گرنگيى تايبه‌تى به‌م بواره بده‌ن. له‌سه‌ر ڕۆڵ و كاريگه‌رييه‌كانى بوه‌ستن و له‌و ده‌رفه‌ت و مه‌ترسيانه بكۆڵنه‌وه كه له‌گه‌ڵ خۆيان‌دا ده‌يهێنێت و مۆرێكى گه‌وره له داهاتووى مرۆڤايه‌تى ده‌دات.
زۆر دڵخۆشم کە قوتابیان و لاوانی کوردستان هۆشیارییەکی زۆریان هەیە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها بەپێی دەرفەت تێکەڵاوی باسەکانی ژیريی دەستکردیش بوونە. زۆر دڵخۆشم بە ئاست و هۆشیاريی نەوەی تازە لە کوردستان، هیوادارم ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست بکەن.
دووبارە هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ (كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) و کاتێکی خۆش بۆ هه‌موو لايه‌كتان دەخوازم.
به‌خێر بێن سه‌رچاو.
زۆر سوپاس.