زێدپرێس
بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ٧٠٨٦ی ڕێککەوتی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، کە بە واژۆی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەرکراوە، فەرمانکراوە بە هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکانی مەسعوود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بەوەکالەت.
فەرمانە وەزارییەکە ئاماژەی بە ماددەی ٧١ لە یاسای بودجەی عێراق کردووە.
عەبدولقادر ساڵح شارەزای یاسایی، ڕوونیکردەوە، بەگوێرەی ماددەی ٧١ لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، ڕێککەوتی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستنیشانکراوە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو سەرۆک دەستە و پلە تایبەت و بریکار وەزارەتانەی بە وەکالەت پۆستەکانیان بەڕێوەدەبەن تا ئەوکاتەی لەلایەن ئەنجوومەنى نوێنەرانی عێراقەوە دەنگ لەسەر ناوەکانیان دەدرێت.
شارەزا یاساییەکە باس لەوەش دەکات، کە بەپێی ناوەڕۆکی ماددەی ٧١ی یاسای بودجە، دەبوو پێش ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، ناوەکان یەکلابکرێنەوە، بەڵام بەهۆى بارودۆخى سیاسى عێراقەوە ئەوە نەکراوە.