زێدپرێس
ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەم، ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینارەکە تەواو بوون و بەم نزیکانەیش دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر ناردنی سێ گوژمە بە بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەی مانگەکانی ٧ و ٨ و ٩ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دا و ئەو بڕە پارەیەش بەشێوەی قەرز بە هەرێمی کوردستان دەدرێت و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا پاکتاوی دارایی بکرێت لەسەر ئەو بنەمایەی کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چەندن و چەندیشی وەرگرتووە.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، لەبارەی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، باسی لەو نامەیە کرد، کە لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاڕاستەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، بەمەبەستی تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ مووچەی ئەو سی مانگە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی هەن، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاندووە، کە وەک سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی ناردنی هیچ بڕە پارەیەکی دیکەی بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر بدات.
سەرەڕای ئەوەی ئومێد سەباح لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە ئاڕاستەیەکی باشدا دەڕۆن، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرچاوڕوونییەک نییە کە ئایا بەغدا هیچ بڕەپارەیەکی دیکە بۆ مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت یان نا، لەکاتێکدا ناردنی ئەو بڕەپارەیە بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بەستراوەتەوە.
دوێنێ چوارشەم، ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە ناوەڕۆکی گفتوگۆی شاندی دانوستانکارانی هەرێم و بەغدا کرا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی عێراقەوە، بە شاندی هەرێم ڕاگەیەندراوە، مانگانە بڕی ٩٤٤ ملیدار دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت، بەڵام وەک ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی داوە، ئەو بڕە پارەیە چارەسەری بنەڕەتی کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەمان ڕاگەیەندراودا دەڵێ، ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنی ئاشکرا و بێپاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە.