Site icon Zed Press

حکوومەتی عێراق: دەتوانین مووچەی ٦٠٪ی مووچەخۆران بنێرین

زێدپرێس

 

پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق بە شاندی هەرێمیان ڕاگەیاندووە، دەتوانن مووچەی ٦٠٪ی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ شەممە، ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق بە شاندی هەرێمیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر مووچەش بنێرین دەتوانین مووچەی ٦٠٪ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرین و پێویستە حکوومەتی هەرێم مووچەی ٤٠٪ی مووچەخۆران لە داهاتی خۆی دابین بکات.

پشتیوان سادق، ئاماژەیدا، حکوومەتی عێراق بە مەبەستی درووستکردنی ئاستەنگ بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، مەرجی دیکەی داناوە و یەکێکیش لە مەرجەکان ئەوەیە کە دەبێت هەرێمی کوردستان تەواوی داهاتەکانی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا بکات.

بەگوێرەی لێدوانەکەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێم، لە نزیکترین کاتدا شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەرێم و بەغدا، ڕێکارەکانی ناردنی ٧٠٠ ملیار دینار کە بەشێوەی قەرز لەلایەن بەغداوە بە هەرێم دەدرێت، تەواو بووە و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئەو ٧٠٠ ملیار دینارەی دەنێردرێت، کۆتا گوژمەی ئەو پارەیەیە کە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر داوە و پێشتر دوو گوژمەی دیکە بە هەمان بڕەوە نێردراون و مووچەی مانگەکانی تەمووز و ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی پێدراوە.

تا ئێستا هیچ ئەگەرێک نییە کە مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت. بەو هۆیەوە کە پێشتر تەنیا ڕەزامەندی لەسەر ناردنی سێ گوژمەی ٧٠٠ ملیار دیناری بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دراوە و لەماوەی ڕابردووشدا، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نوێنەرانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە، وەک سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی تەرخانکردنی هیچ بڕەپارەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو تەرخانکردنی هەر پارەیەک لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.

پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نامەیەکی تایبەتەوە کە ئاڕاستەی محەمەد شیاع سوودانی کردووە، داوای خەرجکردنی سێ گوژمەی دیکەی بۆ مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام وەک سوودانی بە نوێنەرانی هەرێمی ڕاگەیاندووە، ئەو دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەکەی نییە و بابەتەکە پێویستی بە بڕیار و ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.

بەهۆی دەستەواژەیەک لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، کە “خەرجی فیعلی”یە، ئاستەنگ بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران درووستبووە. لایەنی کوردستانی پێداگیری لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و هەڵگرتنی ئەو دەستەواژەیە دەکات، وەک چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان. لەکاتێکدا ساڵی دارایی ٢٠٢٣ کۆتایی دێت، هێشتا دڵنیاییەک لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی کێشەی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵیی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ نییە.

Exit mobile version