زێدپرێس
ڕۆمانی “تاوانی پیرۆز” نوێترین بەرهەمی كوردۆ شابان، نووسەر و ڕۆژنامەنووسە كە بریتییە لە ڕۆمانێكی قەبارە گەورە و بەرگی ڕۆمانەكەش تابلۆیەكی ئیرۆتیكیی هونەرمەند ڕۆستەم ئاغالەیە.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی كتێبەكە، كوردۆ شابان بە “زێدپرێس”ی گوت: ڕۆمانێكی ڕیالیزمییە، باسی ڕۆژگارێكی زۆر تازەی كوردستان دەكات و لایەنەكانی سیاسی، ئایینی، كۆمەڵایەتی و زۆر لایەنی دیكەی ژیان لە ڕێی بەگەڕخستنی كارەكتەری جۆراوجۆرەوە بەسەر كردووەتەوە. هەوڵم داوە زێدەگۆیی تێدا نەبێت و تەواو وێنەی ژیانی ڕاستیی خەڵك بێت، بەشێوەیەك خوێنەران هەست بكەن كە كارەكتەرەكان دەناسن.
وەك ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین كە كتێبەكە چاپ دەكەن، بڵاویان كردووەتەوە، ڕۆمانی تاوانی پیرۆز، لە ٥٩٨ لاپەڕە پێك دێت، بەرگەكە تابلۆیەكی هونەرمەند ڕۆشتەم ئاغالە شێوەكاری ناوداری كوردە. سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەو تابلۆیە، شابان گوتی: ئەمە جاری دووەمە تابلۆی ئەو هونەرمەندە مەزنەی كورد بۆ بەرگی كتێبی خۆم بەكار دەهێنم. پێشتر بۆ بەرگی “ئەوان چاوەڕێی كازیوەن” كە ڕۆمانێكی جان دۆستە و من وەرم گێڕاوە، تابلۆیەكم لێ وەرگرت. ئەم تابلۆیە، دیمەنێكی ئیرۆتیكیی هەڵگری مانای تەمومژاوییە، ڕێك وێنەی دیمەنێكی ناو ڕۆمانەكە و دوو پاڵەوانی ڕۆمانەكە دەردەخات.
كوردۆ شابان، ماوەی چەند ساڵێكە وەك ڕۆژنامەنووس و نووسەر دەركەوتووە و خاوەنی كۆمەڵێك بەرهەمی چاپكراوە.